یونیسێف داوای پاراستنی منداڵانی عێراق دەکات

14-01-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری ئاژانسی یونیسێفی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، دەبێت منداڵان لە هەموو دۆخێکدا لە هێرشەکان بپارێزرێن. ئەوەش لەدوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو ناوچەی سەوزی بەغدا بە چەند مووشەکێک کرانە ئامانج، بەهۆیەوە برینداربوونی منداڵێک و ژنێکی لێکەوتەوە، لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە مووشەکەکان بەسەر قوتابخانەیەک لە ناوچەی سەوز.
 
شیما سەن گوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق، رۆژی هەینی 14-01-2022  لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە برینداربوونی منداڵێک و ژنێک لە بۆردوومانەکەی شەوی پێنجشەممەی بەغدا رایگەیاند، "برینداربوونی منداڵێک بۆ منداڵان زۆرە، بۆیە دەبێت منداڵان لە هەموو دۆخێکدا لە هێرشەکان بپارێزرێن، هەروەها دەبێت قوتابخانەکان و ماڵەکان هەموو کات پارێزراوبن".
 
نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە عێراق هەروەها گوتیشی، "هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ منداڵ و ژنە بریندارەکەی بەغدا دەخوازین، هیچ پاساوێک نییە بۆ هێرشکردنە سەر کەسانی سڤیل، بەتایبەت منداڵان و ژنان. یونیسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات هەموو کاتێک پابەندییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی منداڵان بەجێبگەیەنن".
 
نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، "هەموو منداڵان لە عێراق شایانی ئەوەن ژیانی خۆیان بێ هەڕەشەی بەردەوامی تووندوتیژی بەسەربەرن، هەروەها دەبێت قوتابخانەکان بپارێزرێن، چونکە قوتابخانەکان پەناگەی منداڵانن بۆ فێربوون و سەلماندنی تواناکانیان. هێرشکردنەسەر قوتابخانەکان و دامەزراوەکانی فێرکردن یەکێکە لە شەش پێشێلکارییە گەورەکان بەرامبەر منداڵان".
 
سەبارەت بە وردەکاریی هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر ناوچەی سەوز، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، "ئەو هێرشە کارێکی تیرۆریستی ترسنۆکانەیە، دانیشتووانی ناوچەی سەوز و بارەگاکانی نێردە دیپلۆماسییەکانی لە بەغدا دووچاری مەترسی کردەوە، لە کاتێکدا ئەرکی پاراستنی ئەوان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە. هێرشەکەی شەوی رابردوو بە سێ مووشەک ئەنجامدران، کە لە ناوچەی دۆرەوە لە باشووری بەغدا هاوێژران؛ هێرشەکە برینداربوونی منداڵێک و ژنێکی لێکەوتەوە، یەکێک لە مووشەکەکانیش لە نێو قوتابخانەی ئیلاف لە ناوچەی سەوز کەوتەخوارەوە".
 
هێرشەکەی شەوی پێنجشەممە 13-01-2022 بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کاردانەوەی تووندی چەند لایەنێک و سەرکردەیەکی سیاسیی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە