سوودانی سێ بۆ شەش مانگ مۆڵەت دەداتە وەزیر، پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان

13-12-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ بۆ شەش مانگ مۆڵەت دەداتە وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدایان لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت. مۆڵەتەکەش لە ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە 12-12-2022، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا بڕیار لەسەر بەرنامەی حکومەت درا.
 
سوودانی جەختی لەوە کردەوە "بەرنامەی حکومەت، تێڕوانینی حکومەتە بۆ داهاتوو، رەنگدانەوەی پلان و بەرنامەی وەزارییە کە لە قۆناخی داهاتوودا جێبەجێی دەکات. کارەکانی حکومەت، لەبەر رۆشنایی بەرنامەی حکومەتی پەسندکراو هەڵدەسەنگێنرێت. هەڵسەنگاندنەکەش بۆ وەزیر و بریکاری وەزارەت و پارێزگار و راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی دەبێت و لەکاتی دیاریکراودا."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیران 3 مانگی داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە لە رۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات، "بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کارەکانیان. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە بەرنامەی حکومەتیان جێبەجێکردووە. هەروەها شەش مانگی دایە وەزیر و پارێزگار و راوێژکارەکان، بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان. لەبەر رۆشنایی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و پابەندبوونیان، بە تەوەرە سەرەکییەکان و کارە لە پێشینەکانی حکومەت."
 
هەروەها لەم دانیشتنە نائاساییەدا، گفتوگۆیەکی فراوانکرا لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت. جەختیشکرایەوە لە پابەندبوونی وەزیر و کادرە پێشکەوتووەکان لەهەموو وەزارەتەکان و دەستەکاندا. 
 
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک لەناو ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی بە جیدی چاودێریی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بکات. هەروەها لیژنەی لاوەکی لەهەر وەزارەتێک پێکبهێنرێت، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی و ئەوەی کە پێویستە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا جێبەجێ بکرێت.
 
لەبەر رۆشنایی دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و بەدیهێنانی ئامانجەکانی، ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی پەسندکرد کە وەزارەتی پلاندانان و دەزگە سەربەخۆکان و ئەوانەی پەیوەست نین بەوەزارەت و پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمەکان، پابەندبن بەجێبەجێکردنی پڕۆژە و بەرنامەکان، ئەمەش بەپێی کارە لەپێشینەکانی حکومەت کە لەناو بەرنامەی وەزاریدا هاتووە.
 
هەروەها وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکە پابەندەبن، بەدابینکردنی لایەنی دارایی بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی بەرنامەی حکومەت و هەردوو بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان.
 
ئەنجوومەن وەزیران بڕیاری دا جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لەلایەن وەزارەتەکانەوە بەم شێوەی خوارەوە بێت: 
 
1. ئەوانەی پێویستیان بە تەرخانکردنی دارایی نییە، پێویستە راستەوخۆ دوای پەسندکردنی بەرنامەکە ئەنجامبدرێن.
2. ئەوانەشی پێویستیان بە لایەنی دارایی هەیە، کاتی دەستپێکردنیان لە رێکەوتی پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 دەستپێدەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە