رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایدەگەیێنێت، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دەنگ بە لـەتیف رەشید دەدات، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
رۆژی 13-10-2022، جاسم عەلەوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بابەتی تەواوکردنی رێژەی یاساییمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی سەرجەم فراکسیۆنەکان تاوتوێکردووە و پێشبینیدەکەین ژمارەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران رێژەی یاسایی تێپەڕێنێت".
جاسم عەلەوی گوتی: "بەشێکی زۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی تەقەدووم دووپاتیان کردووەتەوە، بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، هەروەها بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی سەربەخۆش، هەروەک زۆربەی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورن لەسەر ئەوەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن".
یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان کە 18 کورسی هەیە، بەرهەم ساڵحى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار بەربژێرکردووە، بەڵام پارتى دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی 31 کورسییە، رێبەر ئەحمەدی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
سەبارەت بەوەی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن جاسم عەلەوی گوتی: "لەبەر ئەوەی کورد لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتوون، ئەوا هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە کەشی نیشتمانی دەبێت. بۆچوونی زۆربەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەیە دەنگ بە لـەتیف رەشید بدرێت، ئەمەش بۆ رازییکردنی هەردوو لایەنە کوردییەکە، لەگەڵ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار پشکی پێکهاتەی کوردە، بۆیە تا لەو خەجاڵەتییە دەربازبین دەنگ بە لـەتیف رەشید دەدەین".
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسییە یەک ساڵییەی رووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکە بووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022، فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پێشوازی لە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە رێگەی کشانەوەی بەربژێرەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و پشتیوانیکردن لە لـەتیف رەشید، وەک بەربژێری هاوبەشی نێو ماڵی کوردی".
فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: "ئێمە ئەو دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنین، کە سەرخستنی بەرژەوەندیی گشتییە بەسەر بەرژەوەندیی حیزبی، کە سازانی نیشتمانی تازە گەشەسەندوو بەدیدەهێنیت بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوە سبەی پێنجشەممە کە بڕیارە بکرێت، دووپاتیدەکەینەوە پشتیوانی تەواوی ئەو هەنگاوە دەکەین".
فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا داوا لە هەمووان دەکات مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییەی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت، بەوپێیەی تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی بنبەستی سیاسی، کە پێکهێنانی حکومەتی دواخستووە و وڵاتی بردووەتە نێو هەڵدێری مەترسیدارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ