رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ کۆببێتەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسییە یەک ساڵییەی رووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکە بووەتەوە.
قەیران و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی عێراق لەماوەی 12 مانگی رابردوودا کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیانپێکرد و لەو ماوەیەشدا چەندینجار ئەو ئاڵۆزیی و ململانێ سیاسییانە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی لەنێو شەقام.
تشرینی یەکەمی 2021: هەڵبژاردنی پێشوەختە
لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا، عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، بەو هیوایەی خۆپێشاندانەکان کە گەنجانی عێراقی سەرکردایەتیان دەکرد، دامرکێنەوە. ئەو خۆپێشاندانانەی کە لە کۆتاییەکانی 2019 بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە سەریانهەڵدا.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە پێش هەڵبژاردنیش خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانی عێراق بوو، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، ئەجێندایەکی نیشتمانی و دژی گەندەڵی پەیڕەو کرد و لە ئەنجامیشدا ژمارەی کورسییەکانی رەوتەکەی زیاد کرد.
رکابەرەکانی کە پێکهاتبوون لە هاوپەیمانیی فەتح و نوێنەرایەتیی هاوپەیمانە کۆنەکانی نێو حەشدی شەعبیان دەکرد، ژمارەی دەنگەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، بەڵام هەرزوو ئەوان ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان رەتکردەوە.
تشرینی دووەمی 2021: هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیران
لە دوای ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان، چەندین هەفتەی گرژیی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا. سەرەتا لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەستیانکرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم دەروازەی ناوچەی سەوز، کە ناوچەیەکی پڕ لە پاسەوانە و شوێنی باڵیۆزخانە و باڵەخانە حکومییەکانە.
لە 5ی تشرینی دووەمدا، لە ئەنجامی دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان لایەنگرانی گرووپەکانی نزیک لە ئێران و هێزە ئەمنییەکاندا، خۆپێشاندەرێک کوژرا.
لە شەوی 6ی تشرینی دووەمی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە نێو ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی سەوز بێ زیان رزگاری بوو. هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی رانەگەیاند.
کێشمەکێشمی سیاسی
هاوکات لە پەراوێزی خۆپێشاندانەکان، لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوام بوون.
لایەنە سەرەکییەکانی شیعە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا، بێگوێدانە ئەوەی هەر لایەنە و چەند کورسی بەدەستهێناوە. بەڵام سەدر، رکابەرە شیعەکانی تووڕە کرد، بەوەی سوور بوو لەسەر ئەوەی "حکومەتی زۆرینە" پێکبهێنێت، کە پێکهاتبوون لە رەوتەکەی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە نێو سوننە و کورد.
لە 30ی تشرینی دووەم، ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان راگەیێندرا و سەرکەوتنی سەدرییەکان پشتڕاستکرایەوە و بەمەش فراکسیۆنەکەیان بووە خاوەنی 73ی کورسی لە کۆی 329 کورسی پەرلەمان، بەشێوەیەکی بەرچاو پێش رکابەرەکەی خولی پێشووی پەرلەمان کەوت کە هاوپەیمانیی فەتح بوو. فەتح 17 کورسی بەدەستهێنا کە پاشەکشەیەکی گەورەی سیاسی، بوو چونکە لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا 48 کورسی بەدەستهێنابوو.
کانوونی دووەمی 2022: یەکەم دانیشتنی ئاگرینی پەرلەمان
لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقدا کە لە 9ی کانوونی 2022، کە بە دانیشتنێکی ئاگرین ناسرا، ئەندامانی نوێی پەرلەمان محەممەد حەلبووسی-یان وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژاردووە.
دەنگدانەکە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیک لە ئێران بایکۆت کرا، کە ئەو هاوپەیمانێتییە لە هاوپەیمانیی فەتح و نەیاری سەرسەخت و کۆنی سەدر، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، پێکهاتبوون.
شوبات و ئاداری 2022: هێشتا سەرۆکی نوێ دیارنییە
لە ماوەی دوو مانگدا، لە نێوان 7ی شوبات بۆ 30ی ئادار، پەرلەمانی عێراق سێ دانیشتنی رێکخست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق، بەڵام پەرلەمان لە هەرسێ هەوڵەکەیدا، سەرکەوتوو نەبوو.
پۆستی سەرۆککۆمار کە هەمیشە بۆ کورد بووە و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە. زۆربەی کاتیش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رێگەخۆشکەر بووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
حوزەیرانی 2022: پەرلەمانتارانی سەدر دەستلەکاردەکشێنەوە
لە حوزەیرانی 10، تەواوی 73ی ئەندام پەرلەمانەکەی رەوتی سەدر دەستیانلەکارکێشایەوە، بەمەبەستی گوشار خستنەسەر رکابەرەکانیان، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ. دواتر کورسییەکانیان درانە ئەو بەربژێرانەی کە لە پلەی دووەم هاتوون، بەمەش هاوپەیمانێتییەکەی نزیک لە ئێران بووە زۆرینە لە پەرلەمانی عێراقدا.
تەممووزی 2022: دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران
لە 25ی تەممووزدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیک لە ئێران، سیاسەتمەداری شیعە و وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی تەمەن 52 ساڵ کردە بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. لە دوای ئەو بڕیارە و لە 27ی تەممووزدا، لایەنگرانی تووڕەی سەدر، هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانەوە و لەوێ دەستیانکرد بە مانگرتن.
سێ رۆژ دواتر، بە هەزاران لە لایەنگرانی سەدر چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمان و بەڵێنیاندا لەوێ بمێننەوە "تاوەکو ئاگاداری دیکەیان پێدەگات".
ئابی 2022: سەدر لە سیاسەت دەکشێتەوە
لە 12ی ئابدا، ئەمجارە لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە نزیک ناوچەی سەوز دەستیان بە مانگرتن کرد و داوای خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێیان کرد.
پاش ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە 29ی ئابدا، موقتەدا سەدر، لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کشایەوە و دواتریش بڕیاری داخستنی سەرجەم دامەزراوەکانی نزیک لە بزووتنەوەی سەدری دا.
پاش بڕیارەکەی سەدر، بە هەزاران لایەنگری رژانە سەر شەقامەکان و هێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوز و هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانە حکومییەکانی نێو ناوچەی سەوز.
بەمەش شەڕ و پێکدادانێکی 24 کاژێری لەنێوان لایەنە شیعەکان روویدا و بەهۆیەوە 30 لایەنگری سەدر کوژران. دواتر باری نائاسایی و قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری راگەیاندرا.
دواتر لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوز و باڵەخانە حکومییەکان کشانەوە، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر فەرمانی پێکردن.
تشرینی یەکەمی 2022: هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ؟
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، پرۆسەی سیاسیی عێراق بە بازنەیەکی تەواودا سووڕایەوە بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبێت.
لە رۆژی سێشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2022، نووسینگەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند کە بۆ دواجار پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 13ی تشرینی یەکەم، کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ. بەمەبەش رەنگە کۆتایی بەو ئاڵۆزی و کشمەکێشمی سیاسییە بێت کە ماوەی 12 مانگە بەرۆکی عێراقییەکانی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ