رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق دانیشتنێکى دیکە بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاى 10 هاونیشتمانى کوردى کەرکووک دەکات بۆ گەڕاندنەوەى زەویە کشتوکاڵییەکانیان کە داگیر کراون.
دانیشتنەکەى دادگە یەکشەممە، 15ى ئەیلوول بەڕێوەدەچێت، لە دواى ئەوەى لە 21ى تەممووز دواخرا.
سکاڵایەکیان لەلایەن شەش هاونیشتمانى کوردى ناحیەى سەرگەڕان تۆمارکراوە، سکاڵاى دووەمیان چوار هاونیشتمانى قەزاى داقووق تۆماریان کردووە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە هەردوو سکاڵاکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "کۆبوونەوەی پێشووى دادگەى فیدراڵی بۆ وردبینیکردنى سکاڵاکان دواخرا، دۆسیەکە گەیشتووەتە قۆناخەکانى کۆتایی و بۆ بڕیارى کۆتایی ئامادەیە".
لەهەردوو سکاڵاکەدا داواى هەڵوەشاندنەوەى چوار بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى عێراق و چەند مادەیەکى یاساى بەناوکردنى زەوى و یەکخستنى رەگەزى زەوى دەوڵەت دەکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، ئەو زەویانەى سکاڵاکان دەیانگرێتەوە، زیاتر لە 80 هەزار دۆنمە، دواى ئەوەى لەو هاونیشتمانیانەى کورد وەرگیراونەتەوە، خراونەتە سەر وەزارەتى دارایی و لەوێشەوە دەسەڵات دراوە بە وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ مامەڵەکردن بەو زەویانە و بە گرێبەستى کشتوکاڵى دراونەتە عەرەبی هاوردە.
تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە لەکاتێکدایە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێک کە تایبەتن بە داگیرکردنى زەوى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لەو شارە و گەڕاندنەوەى مافەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ