رووداو دیجیتاڵ
ئاگرکەوتنەوە، تەقەکردن لە چالاکڤان، روخاندنى پەرژینى شارى یارى ناسریە، پارێزگارى بردە سەر شەقام. بەگوتەى پارێزگاری زیقار، ئەو رووداوانە بۆ ئەوەن "دۆسیەکان تێکەڵبکرێن."
کەوتنەوەى ئاگرێک لە یەکێک لە باڵەخانەکانى شارەوانیى ناسریەى ناوەندى پارێزگاى زیقار ناڕەزایی هەندێک لە چالاکوانان و حکومەتى خۆجێیی لێکەوتەوە.
گومان دەکرێت ئاگرکەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووبێت بۆ ونکردنى هەندێک دۆسیە کە پەیوەدارن بە دۆسیەى گەندەڵییەوە.
مورتەزا ئیبراهیمى، پارێزگارى زیقار لە شوێنى ئاگرکەوتنەوەکە گوتى، "ئەوەی روویداوە کەسێکى لەپشتەوە بووە؛ هەرگیز ناکرێت بەهۆى شۆرتى کارەباوە ئەمە روویدابێت؛ لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرى ناوخۆ لەسەر ئەو پرسە قسەم کردووە."
ئاگرەکە شەوى رابردوو 12ى تەممووز کەوتەوە و تیمەکانى بەرگریى شارستانى کۆنترۆڵیان کرد.
نواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئاگرەکە لە ناوچەى تەزحیەى شارى ناسریە کەوتووەتەوە. ئاگرەکە لە ژوورى کامێراى چاودێری کەوتووەتەوە. ئاگرەکە گەیشتووەتە ژوورێک کە سەر بە بەشى میلاکاتى بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییە."
نواس سەباح شاکر گوتى، "هۆکارى کەوتنەوەی ئاگرەکە لەلایەن پسپۆڕانى بەڵگەى تاوانەوە یەکلایی دەکرێتەوە."
ئەوە تەنیا رووداوى شەوى رابردووى ناسریە نەبوو. چەند چەکدارێکى نەناسراویش تەقەیان لە ماڵى ئیحسان ئەبوکەوسەر کرد کە چالاکڤانێکى مەدەنییە و سەرپەرشتى خۆپێشاندانەکانى ئەم دواییەى شارەکەى کردووە. رۆژێک بەر لەوەش پەرژینى ئاسنینى شارى یارى شارەکە روخێندرا.
پارێزگارى زیقار گوتى، "دەستدرێژیکردنە سەر شارى یاری، دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵى شارەوانى؛ تەقەکردن لە چالاکاڤانیش هەبووە؛ هەموو ئەم رووداوانە بۆ ئەوەن دۆسیەکان تێکەڵبکرێن. دۆخئ ناسریە پێویستى بە پێداچوونەوەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ