دادگەى فیدراڵى بڕیارێکى پێنج ساڵ لەمەوبەرى پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە

13-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیارێکى پێنج ساڵ لەمەوبەرى پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە، کە تایبەتە بە راگرتن و پێداچوونەوە بە مووچەى خانەنشینى پلە باڵاکان و ساڵى 2015 لەلایەن حکومەتەوە دەرکرابوو.
 
ئەو بڕیارەى دادگە، لەسەر بنەمای سکاڵایەک بووە کە باسم خەشان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێشکێشی کردووە و، 11ـی حوزیران  بڕیارى کۆتایی لەبارەیەوە دراوە. 
 
سکاڵاکە لەدژى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکرابوو دژى هەڵوەشاندنەوەى کارکردن بە بڕیارى ژمارە 33ـی ئەنجوومەنى وەزیران کە لە ساڵى 2015 دەریکردووە، دادگە دەڵێت راگرتنى کارکردن بەو بڕیارە لەلایەن سەرۆکى پەرلەمان لە 17ـی ئادارى 2019، "نادروستە."  
 
بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 333، مووچەى خانەنشینى پلەباڵاکان، لە دواى ساڵى 2003ـوە رادەگیرێت و دەبێت پێداچوونەوەى پێدا بکرێت بەشێوەیەک ئەو کەسە نابێت 15 ساڵ کەمتر خزمەتى فەرمیی هەبێت و تەمەنى لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت، کە لە یاساى خانەنشینى یەکگرتووى ساڵى 2014، ئەو مەرجانە دیاریکراون بۆ خانەنشینبوون.
 
باسم خەشان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "راگرتنى بڕیارەکەى حکومەت لەلایەن محەممەد حەلبووسی بووە، کە لە ساڵى 2019 سەرۆکى پەرلەمان بووە و بەهۆى ئەو بڕیارەوە مووچەى زیادە بۆ بەشێک لە پلە باڵاکان خەرجکراوە کە شایستەى نەبوون." 
 
باسم خەشان گوتى "ئەو کەسانەى ئەو جیاوازییە لە مووچەکانیاندا هەبووە، راوێژکار و پلەباڵاى دیکە بوون." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە