رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق 18ى ئایارى دیاریکرد بۆ کۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆک، رکابەرییەکەش لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوى دەبێت.
ئەو وادەیە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان لە راگەیێندراوێکى فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێرقدا بوو، کە ئەمڕۆ دووشەممە 13ى ئایار بڵاویکردووەتەوە.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە (تۆڕى میدیایی رووداو)ى راگەیاند، تائێستا رکابەرییەکە لەسەر بەدەستهێنانى ئەو پۆستە لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوی-یە.
لە کۆبوونەوەى 14ـى کانوونى دووەمى ئەمساڵى پەرلەماندا، هەڵبژاردنى سەرۆک لە نێوان سێ بەربژێرى سوننەدا کرا و گەیشتە گەڕى دووەم، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
شەعلان کرەیم, بەربژێرى تەقەدووم زۆرترین دەنگى گەڕى یەکەمى بەدەستهێنا، بەڵام لە 18ى نیسان کشایەوە. هەریەک لە سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى لە رکابەرییەکەدا ماون.
سەباح حەبیب گوتى، "تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو دوو بەربژێرە نەکشاونەتەوە، ئەوە لەسەر رێککەوتنى نێوان لایەنە سوننەکان ماوەتەوە".
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە 6ـی ئایار یەک هەفتە مۆڵەتى دایە سوننەکان بۆ ئەوەى بەربژێریان بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یەکلابکەنەوە.
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ