عێراق دەچێتە رێککەوتننامەیەکەوە بۆ رێگرى لە گێچەڵى سێکسی لە شوێنى کار

13-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەشنووسی رێککەوتننامەیەکى نێودەوڵەتى لە پەرلەمانى عێراقە بۆ رێگرى لە تووندوتیژى و گێچەڵى سێکسی لە شوێنى کار. حکومەت وژاۆى کردووە و پەسندکردنى کۆتایی ماوە، کە حکومەت ناچار دەکات یاسا بۆ رێگرى لەو هەڵسوکەوتانە دەربکات.
 
رێککەوتننامەکە بەناوى کۆتاییهێنان بە تووندوتیژى و گێچەڵە لە جیهانى کار. ساڵى 2021 عێراق واژۆى کردووە، نێردراوە بۆ پەرلەمان و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە. ئێستا لە لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەیە بۆئەوەى خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکرێت و دواتر دەنگى لەسەر بدرێت.
 
حەیدەر سەلامى، ئەندامى ئەو لیژنەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "رێککەوتننامەکە گرنگە، لە قۆناخى ئامادەکردنى راپۆرتدایە بۆ خوێندنەوەى دووەم و پەسندکردنی."
 
رێککەوتنەکە لەلایەن رێکخراوى کارى نێودەوڵەتى لە ساڵى 2019 ئامادە کراوە. ئامانجى کۆتاییهێنانە بە دیاردەى تووندوتیژى و گێچەڵ لەسەر بنەماى رەگەز وەکو "هەڵسوکەوتێکى دژ بە مافى مرۆڤ،" کە کاریگەریى لەسەر تەندروستیى دەروونى، جەستەیی و سێکسى کەسەکە و بنەماڵەکەی هەبێت.
 
گێچەڵى سێکسی، وەکو بەشێک لە تووندوتیژى لە رێککەوتننامەکە باسکراوە. پیادەکردنى تووندوتیژى دژى کەسانێک لەسەر بنەماى جۆر و جیاوازیى رەگەز، یەکێکى دیکەیە لەو هەڵسوکەوتانەى وەکو تووندوتیژى دژ بە کرێکاران لە شوێنى کار پۆلێن کراوە.
 
سرووشتى شوێنى کار لە رێککەوتننامەکەدا دیاریکراوە، کە ئەو تووندوتیژییانەى تێدا دەکرێت، لەوانەش شوێنێکى دیاریکراوى کار یان شوێنى گشتى کە کرێکار کارى تێدا دەکات، شوێنى جیاواز بەگوێرەى کرێى رۆژانە، لەگەڵ گەشتى مەشقکردن.
 
بە گوتەى حەیدەر سەلامى، پەسندکردنى رێککەوتننامەکە رۆڵى دەبێت لە کەمکردنەوەى تووندوتیژى و گێچەڵپێکردن لە شوێنى کار. حکومەتیش ناچار دەکات کە یاسا بۆ رێگرى لەو دیاردەیە دەربکات.
 
بەگوێرەى مادەى 6ى رێککەوتننامەکە، هەر دەوڵەتێک واژۆى کرد، دەبێت یاساگەلێک دەربکات بۆ پاراستنى مافى دادوەرانە و رێگرى لە جیاکاریى مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە