عێراق سیستمی بەرگری لە کۆریای باشوور دەکڕێت

12-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە سیستمی بەرگریی مووشەکی زەوینی بۆ ئاسمانی ناسراو بە سیستمی (ئێم - سام دوو) لە کۆریای باشوور بکڕێت. بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، بڕی مامەڵەکە نزیکەی 2.6 ملیار دۆلارە.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، میدیای کۆریای باشوور بڵاویکردووەتەوە، عێراق دوایین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە داوای کڕینی سیستمی بەرگریی مووشەکی کۆریای باشوور بکات و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو، کۆمپانیای کۆریای تایبەت بە بەرهەمهێنانی کەلوپەلی سەربازی لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق، گرێبەستەکە واژۆ بکەن.
 
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سابیت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق بەنیازە بەزووترین کات ئەو سیستمە کۆریاییە بێنێتە عێراق بۆ پتەوکردنی بەرگریی ئاسمانیی عێراق و وەکو یەکەم هەنگاویش، هەشت پاتری ئەو سیستمە دەهێنێتە عێراق. 
 
حکومەتی عێراق داوای کردووە "بەزووترین کات" ئەو پاتریانە بگاتە دەستیان و لە عێراق جێگیریان بکات.
 
ئەگەر گرێبەستەکە لەگەڵ عێراقدا واژۆ بکرێت، عێراق لە دوای سعودیە و ئیمارات دەبێتە سێیەمین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە سیستمی بەرگری ئاسمانی لە کۆریای باشوور بکڕێت.
 
مووشەکی ئێم سامی دووی کۆریای باشوور، سیستمێکی بەرگری پێشکەوتووە بەرامبەر هەر جموجۆڵێکی نائاسایی ئاسمانی و مووشەکی کروز و بالیستیش. هەروەها ئەو سیستمە، رادارێکی پێشکەوتووی لەگەڵە، کە لە دوورییەکی زۆرەوە توانای ئاشکراکردنی هاتنی فڕۆکە و  بە ئامانجکردنی دوورمەودای هەیە. 
 
مەودای بە ئامانجکردنی بەدووری 40 کیلۆمەتر هەیە و هەروەها توانای ئاشکراکردنی مووشەکی ئاراستەکراوی بەدرێژایی 15 کیلۆمەتر هەیە و دەتوانێت لەو مەودایەدا تێکیبشکێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی فیدراڵیی عێراق

دادگەی فیدراڵیی عێراق پشتیوانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی راگەیاند

دادگەی فیدراڵیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی دەکات و دەڵێت، "دەستوور رێگەی بە گەلی عێراق داوە لە رێکخستنی کاروباری کەسییان بەپێی ئایین یان مەزهەب یان بیروباوەڕ بێت و نابێت ئەو مافە سنووردار یان قەدەخە بکرێت."