سوودانی: پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە

24-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ جەنەراڵ کێڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی گوێبیستی شیکردنەوەیەکی وردی فەرماندەی هاوپەیمانان بووە سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ئەمنی و جموجۆڵەکانی گرووپی داعش.
 
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری نێوان عێراق و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی گواستنەوە بۆ پەیوەندییە ئەمنییە دووقۆڵییەکان، بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاری لە بوارەکانی راهێنان، ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری لەگەڵ هێزەکانی ئەمنیی عێراقدا.
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەژێر رۆشنایی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان و بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەژماری ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە "بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوتین، لەوێ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی دەکەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمریکا و هاوئاهەنگیی هەوڵەکان لە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: "گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی ئاسایشی هاوبەش و هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دەکەین."
 
27ـی كانوونى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەستپێکردنى دانوستاندنی دووقۆڵیى لەنێوان عێراق و ئەمریکا راگەیاند لەپێناو کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش.
 
دوو لیژنە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، یەکێکیان تایبەتە بە پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانان، ئەوى دیکەیان بۆ رێکخستنى پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایە بەگوێرەى رێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیان کە ساڵى 2008 واژۆ کراوە.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014دا هێزی ئەمریکا و دواتریش ژمارەیەک وڵاتی دیکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تێکشکاندنی داعشدا.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها ژمارەیەکیشیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە