فوئاد حوسێن بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت

24-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق، بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت و دەڵێت، "لەوێ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەکەین."

رۆژی پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەژماری ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە "بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوتین، لەوێ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی دەکەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمریکا و هاوئاهەنگیی هەوڵەکان لە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی ئاسایشی هاوبەش و هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دەکەین."
 
27ـی كانوونى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەستپێکردنى دانوستاندنی دووقۆڵیى لەنێوان عێراق و ئەمریکا راگەیاند لەپێناو کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش.
 
دوو لیژنە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، یەکێکیان تایبەتە بە پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانان، ئەوى دیکەیان بۆ رێکخستنى پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایە بەگوێرەى رێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیان کە ساڵى 2008 واژۆ کراوە.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014دا هێزی ئەمریکا و دواتریش ژمارەیەک وڵاتی دیکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تێکشکاندنی داعشدا.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها ژمارەیەکیشیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە