ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: 670 کەسمان بە تۆمەتی تیرۆر و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە

12-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ئەم ساڵ 192 کەسیان بەتۆمەتی تیرۆر و 478 کەسیشیان بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
 
ئەبو عەلی بەسری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووە: "بەهۆی هەوڵەکانی لەنێوبردنی تیرۆر و دەستگیرکردنی ئەندامانیان، عێراق رۆڵی گەورەی لەسەر وڵاتانی جیهان و ئاسایشیان هەیە، تەنیا ئەم ساڵ 192 تۆمەتبار بە تیرۆر دەستگیرکراون."
 
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بە دەستگیرکردنی گرووپێکی چەکداری داعش لە سلێمانی دەکات و دەڵێت، "لە یەکێک لە ئۆپەراسیۆنە جۆرییەکاندا شانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەڕاسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی 21 کەس دەستگیرکراوە کە بەپێی حوکمەکانی مادەی چواری یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە، یەکێک لەوانەی لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرکرا بەرپرسێکی ئەمنیی ویلایەتی فەلوجەی داعش بووە، یەکێکی دیکەیان یاریدەدەری کارگێڕیی ویلایەتی دیجلە بووە".
 
باسی لە دەستگیرکردنی ئەبو هاجەریش کردووە کە بە "یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکان" ناوی بردووە و هەڕەشەی لە دانیشتووانی قەزای تارمییەی بەغدا کردووە.
 
لەبارەی هەڕەشە و هەراسانکردن لە رێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە، ئەبو عەلی بەسری، گوتوویەتی ئەم ساڵ 600 کەسیان بە تۆمەتی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەستگیرکردووە. هەروەها 478 بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.
 
دەزگاکە ژمارەیەک کەسیشی بەتۆمەتی تێوەگلان لە یاریکردن بە نرخی دۆلار دەستگیرکردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی کەسانێک کە گەنمیان هێناوەتە نێو عێراق بۆ ئەوەی بەناوی گەنمی خۆماڵی بە حکومەتی بفرۆشنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستیان بەسەر شەش هەزار تۆن گەنمدا گرتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە