رووداو دیجیتاڵ
راھێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکەوە چوونە بەغدا و لە بەردەم وەزارەتی نەوت داوایانکرد دابمەزرێندرێن. نوێنەری راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکووریش گوتی، "وەزیری نەوت جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانی باشوور و کەرکووک دەکات."
ئەوان وەکو خۆیان باسی دەکەن، بۆ ماوەی شەش مانگ لە کۆمپانیای نەوتی باکوور راھێنانیان پێکراوە و بڕیار بووە دایانبمەزرێنن. پاش ئەوەی وەزیری نەوت رەزامەندی لەسەر دامەزاندنی راھێنراوانی پارێزگاکانی باشووری عێراق دەدات، بە راھێنراوانی کەرکووک دەڵێن، دامەزراندن بۆ ئێوە نییە.
ئەمین کاکەیی، نوێنەری خۆپێشاندەران بە رووداوی گوت، "وەزیری نەوت ئێمەی بردە نێو راھێنانەوە و گوتیان شەش مانگ راھێنان بکەن، ئێوە دادەمەزرێنین بە گرێبەست یان بە کرێی رۆژانە، ئەو شەش مانگە تەواو بوو و ئێمەیان دەرکرد."
ئالا عەبدولڕەزا، بەشداربوویەکی خۆپێشاندانەکە بوو و باسی لەوە کرد، "تووشی سەرسووڕمان بووین بۆ پارێزگاکانی باشوور تایبەتمەندی دەرچوو و پلەی دامەزراندنیان بۆ دابینکرا، بەڵام بۆ ئێمە وەزیر رەزامەندی دەرنەبڕی، سەرەتا گوتی ژمارەتان زۆرە، ئێمە ژمارەکەمان کەمکردەوە، پاشان ھەر رەزامەندی نەدا، بۆیە دەبینین جیاوازی لەنێوان شارەکان دەکات."
مامۆستا جەبار بە تەمەنێکی گەورە و ریشێکی سپییەوە لە کەرکووکەوە لە بری کچە دانەمەزراوەکەی لەگەڵ بەشێک لە کارمەندە دانەمەزراوەکانی دیکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور چووەتە بەغدا، نیگەرانە لەوەی شارەکەی بە ئاڵتوونی رەش ناسراوە و رۆژانە ھەزاران بەرمیل نەوتی لێ دەردەھێندرێت، کەچی کچ و کوڕەکانیان دەبێت بۆ دامەزراندن رێگەی سەخت و جیاواز بگرنە بەر."
مامۆستا جەبار رەشید، باوکی کچێکی دانەمەزراو ئاماژەی بەوە کرد، "عێراقێک ئەوەندە دەوڵەمەند بێت نەتوانێت 200 ھەزار بدات بە ئەندازیارێک کە کاری خۆی پێ ئاسان بکات! ئێمە کۆڵ نادەین و ئەوە ئەرکی باوکە کەوا داھاتووی منداڵەکانی دابینبکات، لە 2019ـەوە بەردەوام ئێمە لە خۆپێشاندانداین."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی کەرکووک و نوێنەری خۆپێشاندەران ھەرچۆنێک بێت خۆیان گەیاندە لای وەزیری نەوت، پاش چوار کاژێر لە چاوەڕوانی، وەزیر پێیڕاگەیاندن رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراقی پێویستە تاوەکو دایانبمەزرێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ