شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداریی وەزیرانی یەکێتی لە بەغدایە

11-12-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بەغدایە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هیچ وەزیرێکی یەکێتی لەگەڵ شاندەکەدا نییە و وەزیرانی یەکێتییش بڕیاریان داوە هەفتەی تەنیا سێ رۆژ دەوام بکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی نیگەرانییەکانی تیمی یەكێتی لە حکومەت، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیچ وەزیرێکی ئەو حیزبە لەگەڵ ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین، کە شەوی رابردوو گەیشتنە بەغدا. بڕیارە شاندەکە لەسەر پرسی بودجە و نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراقی گفتوگۆ بکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هیچ وەزیرێکی پشکی یەکێتی بەشداریی نەکردووە، ئەوەی لەسەر پشکی ئەو حیزبە پۆستی وەرگرتووە و بەشدارە لەگەڵ شاندەکەدا، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستانە.
 
شەوی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شاندی حکومەت گەیشتە بەغدا و بەردەوامی بە دانوستاندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەدات.
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 27-11-2022 سەردانی بەغدای کرد، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەنێو شاندەکەدا بوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە، لەمەودوا بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران نەکەن، هەفتانەش تەنیا سێ رۆژ دەوام بکەن.
 
هەروەها تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریان داوە بەشداریی هیچ رێوڕەسمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکەن؛ لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ لەکاتی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان و سەرۆکی هەنگاریادا، هەروەها رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە قەزای عەینکاوە کە، جگە لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەنگاریا، چەند وەزیرێکی پارتی و گۆڕان، هیچ وەزیرێکی یەکێتی بەشدارییان نەکرد.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە 26-10-2022ەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات.
 
پۆستەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە جێگری سەرۆکوەزیران:
 
- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
- ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- محەممەد سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان
- دارا رەشید، وەزیری پلاندانان
- بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
- خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان، ئێستا لە حکومەتی عێراق وەزیری دادە و پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە
- د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی
- عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
- حەکیم ولیا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە 
- ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
- لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا دەوام ناکات
 
سەرۆکی ئەو دەستە و دەزگایانەشی کە پشکی یەکێتین و پلەکانیان وەزیرە:
 
- ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
- جەبار مستەفا ئەمین، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین
- فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
 
پۆستەکانی دیکە:
 
- ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
- ژمارەیەک لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە