سەرۆکی سەندیکای کرێکاران بۆ رووداو: 2.5 ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق هەن

11-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق دەڵێت، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و 70٪یان بێ مۆڵەت کاردەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم ساڵیش بەناوی زیارەتەوە بۆ چلەی ئیمامی حوسێن هەزارانی دیکە دێنە عێراق". 
 
وەلید نیعمە، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری، سەندیکای کرێکاران بۆ نەهێشتنی کرێکاری بیانیی بێ مۆڵەت پێکهێندراوە". 
 
وەلید نیعمە گوتی: " تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 15 هەزار کرێکاری بیانیی بێ مۆڵەت دەرکراون؛ ژمارەی ئەوانەش کە ماون زۆر زیاترە". 
 
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی دەرفەتی کار هەبووە و گوتی: "70٪ی کرێکارانی بیانی لە عێراق بێ مۆڵەت کاردەکەن. ئەوان لە دوو رێگەیەوە هاتوون؛ بەناوی سەردانی ئایینی دەڕۆنە کەربەلا و نەجەف و دواتر ناڕۆنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان کە زۆرینەیان پاکستانی و بەنگلادیشین؛ بەناوی گەشتیارییەوە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێن". 
 
ئەو لیژنەیەی حکومەتی عێراق بۆ بابەتی کرێکاری بیانی پێکیهێناوە هەفتەی رابردوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن 25ـی ئەم مانگەیە و هاتنی کرێکارانی بیانی بەو پاساوەش لەو کۆبوونەوەیەدا باسکرا.
 
رۆژی 25ی تەممووز، هەواڵێک لەسەر زاری شودری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستانەوە بڵاوبووەوە کە گوایە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پیرانی پاکستان گوتوویەتی، لە مانگی موحەڕەمی کۆچییدا 50 هەزار پاکستانی چوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە.
 
وەلید نیعمە لەبارەی ئەو بابەتەوە گوتی: "هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە". 
 
بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، لە رۆژی 1ی ئەیلوولەوە هەر کرێکارێکی بیانی بێ مۆڵەت کار بکات، رۆژانە 20 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
 
عێراق بە وڵاتی مەزارە پیرۆزەکان دەناسرێت، بەتایبەت شیعە، گۆڕی ئیمامی عەلی، ئیمامی حوسێن و عەباس و ژمارەیەک کەسایەتی ئاینی لێیە، ساڵانە بە هەزاران شیعە لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە سەردانی مەزارگەی ئیمامەکانی شیعە لە عێراق دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە