بۆ یەکەمجار لە عێراق ژمارەیەک تۆمەتبار لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە دادگایی دەکرێن

11-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ یەکەمجار لە عێراق دوو دادگە لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار ژمارەیەک تۆمەتباریان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دادگایی کرد، کە تۆمەتبارەکان پێشتر لە بەغدا دەستگیرکرابوون.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی پێنجشەممە 11-07-2024 رایگەیاند، "دادگەکانی تاوان لە کەرکووک و ئەنبار بۆ یەکەمجار ژمارەیەک تۆمەتباریان لەرێگەی تەکنیکی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دادگایی کرد".
 
بەپێی ئەنجوومەنەکە، ئەو جۆرە دادگاییکردنە لە دادگەکانی تاوانەکانی کەرکووک و ئەنبار بێ پێشینە بووە، دادگایی یەکەم لە دادگەی تاوانەکانی کەرکووک لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو تەکنیکە بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارێک بوو، کە لە بەشی کارگێڕیی راگیراوان و زیندانییان لە بەغدا بووە.
 
هەرچی دادگاییکردنی دووەمە، وەکو ئەنجوومەنەکە روونیکردووەتەوە بۆ ژمارەیەک تۆمەتبار کرا کە لە فەرمانگەی چاکسازیی عێراقن.
 
لە هەردوو پڕۆسەی دادگاییکردن، دادگەکانی تاوانەکانی کەرکووک و ئەنبار گوێیان لە گوتەی تۆمەتباران گرت و هەموو دڵنیاییەکان بەردەستخرابوون، جگە لەوەش نوێنەری داواکاری گشتی و پارێزەرانی دانراویش ئامادەبوون.
 
پێشتر لە رێگەی ئەو تەکنیکەوە دادگەکانی تێهەڵچوونەوە ژمارەیەک تۆمەتباریان دادگایی کردووە، تەکنیکەکە بریتییە لە بەڕێوەچوونی دادگاییەکە لە رێگەی شاشەیەکەوە تێیدا تۆمەتبار و پارێزەر و داواکاری گشتی و دادوەران و ئامادەبووان یەکدی دەبینن و گوێیان لەیەکدی دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە