رووداو دیجیتاڵ
گومرگى سەر یەک تۆن شیشى هاوردەکراو لە عێراق بۆ نزیکەى 90 دۆلار زیاد دەکرێت، لە کاتێکدا 10 کارگەى دیکەى بەرهەمهێنانى شیش لە عێراق دەخرێنە کار.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى 10ى حوزەیران بڕیاری دا، گومرگى سەر شیشى باڵەخانە بۆ 20% بەرز بکاتەوە.
بڕیارەکە لە 3ى تشرینى یەکەمى داهاتوو بۆ ماوەى چوار ساڵ جێبەجێ دەکرێت، شیشی 10 بۆ 32 میلـلیمی دەگرێتەوە، کە هاوردە دەکرێن.
عەلى ئیبراهیم، نوێنەرى کارگەکانى بەرهەمهێنانى شیش لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕیارە گومرگى سەر شیشی هاوردەکراو بۆ عێراق زیاتر لە 26.5% بەرز دەکاتەوە، بەو پێیەى پێشتر نزیکەى 6.5%ى گومرگ وەردەگیرا."
ساڵى 2020 گومرگى سەر شیش لە عێراق لە 10%ـەوە کرایە 20%، بەڵام بەهۆى شەڕى ئۆکراینا لە ساڵى 2022 ئاسانکاری بۆ هەناردەی شیش کرا و کەمتر لە 10% گومرگ دەخرایە سەر تۆنێک شیش.
عەلى ئیبراهیم گوتی، "لە ساڵى 2023وە هەرێمى کوردستان گومرگى سەر شیشی کردووەتە 40% بۆ پاراستنى بەرهەمى نێوخۆیی، یەک تۆن شیشی ئێرانى لەنێوان 500 بۆ 520 دۆلارە، کە لە باشوورى عێراقەوە هاوردە دەکرێت، شیشى دروستکراوى کارگە نێوخۆییەکانیش بە 600 دۆلارە."
هەر تۆنێک شیشى هاوردەکراو بە نزیکەی 450 دۆلارە، بەگوێرەى بڕیارە نوێیەکە، گومرگى یەک تۆنى دەگاتە زیاتر لە 117 دۆلار کە پێشتر نزیکەى 32 دۆلار بووە، لەدواى مانگى تشرینى یەکەم نرخى یەک تۆن شیشى هاوردەکراو لانیکەم دەگاتە 570 دۆلار.
نوێنەرى کارگەکانى بەرهەمهێنانى شیش لە عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارە نرخى شیش لە بازاڕەدا بەرز ناکاتەوە، بەڵکو بەهۆى ئەوەى کارگەى نوێ دەکەونە کار نرخەکە جێگیر دەبێت.
18 کارگەى دروستکردنى شیش لە عێراق کاردەکەن، کە بڕى بەرهەمیان پێنج ملیۆن و 363 هەزار تۆنە، 10 کارگەى دیکە لە سەروبەندى کەوتنەکاردان کە پێشبینی دەکرێت بەرهەمیان بگاتە سێ ملیۆن و 350 هەزار تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ