رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ: لە چەند هەفتەی رابردوودا 63 کەس لە عێراق لەسێدارەدراون

11-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوێکی عێراق رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا عێراق لانیکەم 63 کەسی لەسێدارەداوە و سزاکانیش بەپێی ئەو دانپێدانانە بووە، کە "لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیراون". گوتەبێژی وەزارەتی دادیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوانەی لەسێدارەدراون کەمترن لەو ژمارەیە.
 
روانگەی ئافاد (AFADA)، رێکخراوێکی عێراقیی تایبەت بە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "لە چەند هەفتەی رابردوودا و بەشێوەیەکی رانەگەیێندراو، دەسەڵاتدارانی عێراق لە گرتووخانەی حوت لە ناسرییە 63 کەسیان لەسێدارەداوە، هەموو دادگاییکردنەکانیش مەرجەکانی دادپەروەریی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تێدا نییە و دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجە وەرگیراون."
 
بەپێی رێکخراوەکە بڕیاری لەسێدارەدانەکان بە ئاگاداری و فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بووە، لە دوو مانگی رابردوو لەسێدارەدانەکان زیادیانکردووە و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ خەڵکی تێیدا لەسێدارە دەدرێت و بەدیاریکراویش ئەوانەی لەسێدارەدەرێن تۆمەتی تیرۆریان هەیە.
 
ئافاد، لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، ئەوانەی لەم چەند هەفتەی رابردوو لەسێدارەدراون لەساڵانی 2007 و 2008ـەوە بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە و چەند جارێک داواکاریی ستەملێکراویان پێشکێشکردووە و بێبەری بوونی خۆیان راگەیاندووە.
 
ئەوانەی لەسێدارەدراون بەشی زۆریان لە پارێزگای سەڵاحەدینن کە 32 کەسن، لەنێویاندا دوو برا هەن، کەسێکیش لەسێدارەدراوە 74 ساڵ دەبێت و خەڵکی تکریتە و لە گرتووخانەیەکی دیکەدا 16 ساڵ زیندانی بووە.
 
رێکخراوەکە ئەوەشی تۆمارکردووە تەرمی کەسێکی دیکە کە خەڵکی رومادی لە پارێزگای ئەنبار بووە دراوەتەوە کەسوکارەکەی، پێشتر راپۆرتی تەندروستیی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی سەلماندبوو ئەشکەنجە دراوە، لەساڵی 2018 لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرایەوە و راپۆرتەکە پەراوێزخرا، سەرەتای ئەم مانگە لەسێدارەدرا.
 
بەپێی ئافاد بەردەوامبوون لە لەسێدارەدان بەبێ راگەیاندنی فەرمی، شێوازێکی نوێیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەگیرێتەبەر، تەنیا کەسوکارەکانیان ئاگاداردەکرێنەوە بڕۆن تەرمی کەسەکانیان لە دادپزیشکی ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار وەربگرنەوە بۆ ئەوەی "بەڵێننامە پڕبکەنەوە هیچ شتێک بڵاونەکەنەوە و لێدوان نەدەن، ئەوە جگە لەوەی رێگە نادرێت تابووتەکان بکرێنەوە و هێزێک لەگەڵ تەرمەکە و کەسوکارەکەی دەچنە گۆڕستان و نابێت هیچ وێنەیەک بگیرێت".
 
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسێدارەدان بەپێی بڕیاری دادگەیە، دوای ئەوەی بڕیاری تەمییز وەردەگرێت و هەموو رێکارە یاساییەکانی کۆتایی دەبڕێت، هیچ لارییەکمان لە دووبارە دادگاییکردنەوەی هیچ کەسێک نییە، بەڵام ئەو بابەتە لە تایبەتمەندیی وەزارەتی داد نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە."
 
دەشڵێت، "بڕیاری لەسێدارەدان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، بڕیارەکە لە دادگە دەردەچێت، سەرۆک کۆمار پەسەندی دەکات و دواتر بەپێی رێککارەکانی ئاینی دەکرێت و کەسی لەسێدارەدراو وەسیەتی خۆی دەکات و دواتر تەرمەکە بە کەسوکارەکەی دەدرێت."
 
سەبارەت بە ئەو ژمارانەی لە راپۆرتەکە باسکراوە، دەڵێت، "ئەو ژمارەیە زۆرە، ئەو ژمارانەی لەسێدارەدراون ناگاتە نیوەی ئەو ژمارانە، ئەوانەشی لەسێدارەدراون بە تاوانی تیرۆر سزادراون."
 
رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی ئەو لەسێدارەدانانە دەخاتە ئەستۆی سەرۆککۆماری عێراق لە رێگەی واژۆکردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدان. داواش لە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات لەسێدارەدان رابگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە