رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، کۆتایی ئەم مانگە دۆسیەى ئەمنى ئەو پارێزگایە لە سوپاوە رادەستى پۆلیسى خۆجێیی دەکرێت، بەڵام بۆ قەزاى شنگال "دیارنییە ئەو پرۆسەیە دەکرێت" .
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 30ى حوزەیران دیاریکراوە بۆ ئەوەى دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى نەینەوا لە سوپاوە رادەستى پۆلیس خۆجێی شارەکە بکرێت.
لە دواى ساڵى 2017 کە شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا لە دەستى رێکخراوى داعش رزگارکرا، لەو کاتەوە دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە دەست سوپا و حەشدی شەعبی بوو، بۆ ئەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهێندرا.
محەممەد کاکەیی گوتى، "هێزەکانى حەشدی شەعبی لە ناو شارى موسڵ نەماون و تەنیا لە نێو قەزاى شنگال هەن، کە زیاتر لە پێنج گرووپن، ئەستەمە ئەو پرۆسەى رادەستکردنى بەرپرسیارێتی ئەمنییە شنگال بگرێتەوە و جارێ ئەوە دیار نییە".
10 ساڵ لەمەوبەر رێکخراوى داعش شارى مووسڵ و هەندێک لە قەزا و ناحیەکانى دیکەى نەینەواى کۆنتڕۆڵکرد و بەفەتوایەکى عەلى سیستانى مەرجەرعى باڵاى شیعەکان، هێزى حەشدی شەعبی پێکهێندرا.
حەشدی شەعبی دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەکە بە پاساوى پاراستنى دۆخى ئەمنى ناوچەکە لە شارەکەدا مایەوە.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گوتى، "حەشدی شەعبی لە دواى رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیش لەو ناوچانە دەمێننەوە کە سنوورى نەینەوان لەگەڵ شارەکانى دیکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ