رووداو - بەغدا
سوفیان-ی 30 ساڵان، کە بچووکترین منداڵی دایکیەتی، لەو کاتەی لە قەزای تارمییە لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە ماڵەوە چارەنووسی نادیارە. دایکی سوفیان مانگێکە چاوەکانی پڕن لە فرمێسک و نیگەرانە لە چارەنووسی کوڕەکەی، داوا لە کاربەدەستانی ئەمنی دەکات بۆی بدۆزنەوە.
دایکی سوفیان دەڵێت، "زۆر بە کوڕەکەم ماندوو بووین، زانکۆی تەواو کرد، چاوەڕێی دامەزراندنی کرد. لەبەر ئەوەی ناوی بۆ دامەزراندن نەگەڕایەوە، بووە کرێکار. دەستی ژانی دەکرد، چووە لای پزیشک؛ بەڵام لە بەغدا دیار نەماوە. نازانین لە کوێیە و لای چ لایەنێکە، داوا لە خودا و لایەنە ئەمنییەکان دەکەم یارمەتیم بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کوڕەکەم."
رفێنەران هەڕەشە دەکەن، بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە کەسوکارەکەی کردووە. لە بەرامبەر ئازادکردنی سوفیان داوای 60 هەزار دۆلار، یاخود فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی دەکەن. کەسوکارەکەی گلەیی لە لاوازیی رێکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کوڕەکەیان.
عومەر مەشهەدانی، مامی رفێندراوەکە دەڵێت، "جموجۆڵی دەزگا ئەمنییەکان لاوازە، نەیانتوانیوە بگەنە سەرچاوەی ئەو ژمارە مۆبایلە، شوێنی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان دیاری نەکردووە. رێکارەکانیان لاوازە، لەئاست پێشکەوتنی ئێستای تەکنەلۆژیای زانیارییەکان نییە."
شێخ و ریشسپیانی تارمییە کۆبوونەتەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی سوفیان دەکەن. چالاکڤانانی شارەکە دەڵێن، گەڕانەوەی رفاندن و شوێنبزرکردن بۆ ناوچەکانی باکووری بەغدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی دانیشتووانەکەی.
ئوراس ئەلحمەد، چالاکڤانی مەدەنی خەڵکی تارمییە دەڵێت، "ئایا ئێمە لە پشێوی و جەنگەڵداین، یاخود دامودەزگا و حکومەت هەیە و دەڵێن گیان و موڵک و ماڵتان دەپارێزین؟ ئێمە ئێستا پارێزراو نین، هەموومان ئەگەری رفاندنمان هەیە. دیاردەی رفاندن و گەڕانەوەی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت؟ ئەمە هەراسانکردنی خەڵکە بۆئەوەی زێدی خۆیان جێبهێڵن. هەندێک لایەن دەیکەن؛ بەڵام ئەمە بەرپرسیارێتییە، بەرپرسیارێتیی دەوڵەتە و لە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە."
بەغدا کێشەی ئەمنیی لێ نابڕێت، ناوە ناوە رووداوی ئەمنی تێیدا روودەدات؛ بە گوتەی دانیشتووانەکەی، بووەتە قوربانیی ململانێی سیاسی و ئابووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ