رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، کۆتایی ئەم مانگە دۆسیەى ئەمنیى ئەو پارێزگایە لە سوپاوە رادەستى پۆلیسى خۆجێیی دەکرێت، بەڵام بۆ قەزاى شنگال "دیارنییە ئەو پرۆسەیە دەکرێت یان نا."
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 30ى حوزەیران دیاریکراوە بۆئەوەى دۆسیەى ئەمنیى پارێزگاى نەینەوا لە سوپاوە رادەستى پۆلیسی خۆجێیی شارەکە بکرێت.
لەدواى ساڵى 2017 کە شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا لە دەستى رێکخراوى داعش رزگار کرا، لەو کاتەوە دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لەدەست سوپا و حەشدی شەعبی بوو، بۆ ئەوەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهێندرا.
محەممەد کاکەیی گوتى، "هێزەکانى حەشدی شەعبی لەناو شارى موسڵ نەماون، تەنیا لەنێو قەزاى شنگال هەن، کە زیاتر لە پێنج گرووپن، ئەستەمە ئەو پرۆسەى رادەستکردنى بەرپرسیارێتێیى ئەمنییە شنگال بگرێتەوە و جارێ ئەوە دیار نییە."
رێکخراوى داعش 10 ساڵ لەمەوبەر شارى موسڵ و هەندێک لە قەزا و ناحیەکانى دیکەى نەینەواى کۆنترۆڵ کرد. دوای ئەوە بە فەتوایەکى عەلى سیستانى، مەرجەرعى باڵاى شیعەکان، هێزى حەشدی شەعبی پێکهێندرا.
حەشدی شەعبی دواى کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکە، بە پاساوى پاراستنى دۆخى ئەمنیى ناوچەکە، لە شارەکەدا مایەوە.
سەرۆکى لیژنەی ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گوتى، "حەشدی شەعبی لەدواى رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیش لەو ناوچانە دەمێننەوە کە سنوورى نەینەوان لەگەڵ شارەکانى دیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ