رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. وەزیرانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئامادە دەبن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کشتوکاڵ و پرسی ئاو. هاوکات ژمارەیەک پەرلەمانتاریش سوێندی دەستووریی دەخۆن.
رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2022، زۆزان عەلی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەیانەوێت ئەم کابینەیە گرنگیی باش بە کشتوکاڵ بدات. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی دۆخی کشتوکاڵ و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی گرفتەکان و پەرەپێدانی ئەو کەرتە.
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو گوتی، وەک دەزانن تورکیا و ئێران ئاویان لەسەر عێراق بڕیوە، بۆیە پێویستە ئەم بابەتە لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاو باس بکرێت. لەگەڵ تاوتوێکردنی کێشەی کەمئاویی و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
بڕیارە کاژێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، بریتییە لە؛ سوێندخواردنی دەستووریی ژمارەیەک پەرلەمانتار. ئامادەبوونی وەزیرانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی پلانی هەردوو وەزارەت و چارەسەرکردنی کەمئاویی. خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای رێگە گشتییەکان. خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشک و کیمیایی و بایەلۆژی. خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی کرێی خزمەتگوزاری لە فەرمانگەکانی دەوڵەت.
سەفوان گەرگەرى، ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا سێ پەرلەمانتارى نوێ سوێندى یاسایى دەخۆن، وەک جێگرەوەى سێ پەرلەمانتارى رەوتى سەدر.
رۆژی 12ى حوزەیرانى 2022، سەرجەم ئەندامانى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە کە 73 پەرلەمانتار بوون، ئەو بەربژێرانە جێگەیان گرتنەوە کە لە بازنەکانیان زۆر دەنگیان بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ