باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: بە ئامانجگرتنی سیستانی رەتدەکەینەوە

10-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی کەناڵێکی ئیسرائیلی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقی وەک "ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل" پێشان دا، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ئەو کەسێکی رێزلێگیراوە و هەموو هەوڵێکی بەئامانجگرتنی رەتدەکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 10-10-2024 ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئایەتوڵڵا سیستانی، سەرکردەیەکی ئایینی دیار و رێزلێگیراوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەو دەنگێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ پاراستنی ئاشتیی ناوچەکە. هەموو بەئامانجگرتنێکی ئەو رەتدەکەینەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی ئاشتی لە ناوچەکە".
 
دوێنێ چوارشەممە، کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی لە بەرنامەیەکدا وێنەی چەند کەسایەتییەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لە ستۆدیۆ پێشاندا، هەریەک لە وێنەکان نیشانەیەکی سووری نیشانەشکێنی لەسەربوو، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی ئەوانە "ئامانجی داهاتوون".
 
لە وێنەکان هەریەک لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس؛ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران؛ نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەرکەوتن.
 
 
لەسەر ئەوە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی هەر هێرشێک بۆ سەر مەرجەعی باڵای ئایینیمان دەکات، کە لەلایەن هەموو عێراقییەک، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی ئیسلامی و عەرەبی رێزلێگیراوە. ئەم جۆرە هەوڵە ترسناکانە رەگی رەگەزپەرستییە و بێڕێزییە بەرامبەر پیرۆزیی نەتەوەکان".
 
دوایین لێدوانی سیستانی لە رۆژی 23-09-2024 بوو. مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا  لەبارەی دۆخی لوبنان و شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ شوێنێکدا باسی حیزبوڵڵای لوبنانی یان پشتیوانیلێکردنی بکات، رایگەیاند، "لەم رۆژە سەختانەدا گەلی لوبنانی ئازیزی پێدا تێدەپەڕن، رووبەڕووی زیادبوونی هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیلی دووژمن دەبنەوە".
 
مەرجەعی باڵای شیعەکان هاوسۆزی خۆی بۆ لوبنانییەکان دەربڕی، "دەستی نزا بۆ خوای گەورە بەرزدەکەینەوە داوای لێدەکەین بیانپارێزێت و لە خراپەی خراپەکاران بەرگریان لێبکات و شەهیدانیان بەر رەحمەتی خودا بکەون و بریندارەکانیان چاکببنەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.