عێراق
پلەى گەرما لە بەشێکی پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
دەوامى حەوت پارێزگاى عێراق بۆ پێنجشەممە بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرماوە کرایە پشووى فەرمى. بەگوتەى کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، پلەى گەرما لە بەشێکی پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوور بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.
عەباس زاملی، پارێزگارى دیوانییە بڕیاریدا دەوامى فەرمى پێنجشەممە 11ى تەممووز بکاتە پشووى فەرمى. بەگوێرەى راگەیێندراوى دیوانى پارێزگارى دیوانییە، ئەو بڕیارەیان لەسەر بنەماى بڕیارى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە بە لەبەرچاوگرتنى بەرزبوونەوەى پلەى گەرما.
حەبیب فەرتوسی، پارێزگارى میسانیش هەمان هەنگاوى دیوانییەى گرتەبەر و بڕیاریدا 11ى تەممووز لە دامەزراوە حکومییەکاندا بکرێتە پشووى فەرمى، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرما.
هاوکات هەریەک لە پارێزگاکانى زیقار، موسەننا، واست و نەینەوا بڕیادرا دەوامى فەرمى 11ى تەممووز نەبێت، ئەوەش بە هەمان هۆکار.
لە 7ى تەممووزیش پارێزگارى بەسرە بڕیاریدابوو بۆ پێنجشەممە دەوامى فەرمانگەکانى بکاتە پشوو.
پێشبینی دەکرێت 11ى تەممووز شەپۆلێکى دیکەى گەرما عێراق بگرێتەوە و پلەى گەرما لە نێوەڕاست و باشوور بۆ 50 پلەى سیلیزى بەرزبێتەوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنجشەممە لە پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوور پلەی گەرما دەگاتە سەروو 50 پلەی سیلیزی."
بە گوتەی عامر جابری، لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەوە بەهۆی نزمەپاڵەپەستۆیەکەوە شەپۆلێکی گەرما عێراق دەگرێتەوە، لە بەشێکی پارێزگاکانی عێراق پلەی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.
عامر جابری گوتی، "ئەمە دووەم شەپۆلی گەرمایە لە ئەم ساڵدا و چاوەڕوان دەکرێت چەند رۆژێک بخایەنێت؛ بۆیە ئێمە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان کە خۆیان لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن و ئەگەر ناچار نەبن، ئەو رۆژانە لە کاتەکانی تینی گەرما نەچنە دەرەوە."
بەپێی کەشناسیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 11ـی تەممووز، پلەی گەرما لە پارێزگاکانی بابل، واست، نەجەف، دیوانییە، میسان، ناسریە، موسەننا و بەسرە 50 پلەی سیلیزی دەبێت.
پلەی گەرما لە پارێزگاکانی کەربەلا، بەغدا و دیالە 49 پلەی سیلیزی و لە سەڵاحەدین و ئەنباریش 48 پلەی سیلیزی دەبێت.
رۆژی هەینیش بەسرە بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی عێراق تۆماردەکات و 51 پلە دەبێت. پارێزگاکانی میسان، ناسرییە و موسەننا، پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ