رووداو دیجیتاڵ
لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانى عێراق، زیاتر لە 70 پرسیار لە هاووڵاتییان دەکرێت و بەشێکیان بە نهێنى دەهێڵدرێنەوە. ناوى ئەو کەسانە تۆمار دەکرێت کە لە شارێکەوە چوونەتە شارێکى دیکە و نیشتەجێبوون. پرۆسەکە تۆمارکردنى باڵەخانە، مەڕوماڵات و زەویى کشتوکاڵىیش دەگرێتەوە.
یەکەمجارە دواى 37 ساڵ سەرژمێریی عێراق، هەرێمى کودستانیش بگرێتەوە. ئەنجامەکەى ئەگەر هەیە نزیکەى سێ تریلیۆن دینار بۆ پشکى بودجەکەى زیاد بکات، کە لەسەر بنەماى ژمارەى دانیشتووانە.
13ى حوزەیرانی 2024 دوایین رۆژى سەرژمێریى ئەزموونییە لە عێراق و هەرێمى کوردستان، وەکو خۆئامادەکردنێک بۆ ئەو سەرژمێرییەى لە 20ى تشرینى دووەم دەکرێت.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند، "زیاتر لە 70 پرسیار لەو سەرژمێرییەدا لە هاووڵاتییان دەکرێت، کە تایبەتن بە دۆخى جیاوازى ژیانیانەوە."
لە 15ى تەممووز تاوەکو 15ى ئەیلوول گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەستپێدەکات. مەحموود عوسمان دەڵێت، "ئەگەر گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان نەکرێت، ناتوانیت سەرژمێری بکەیت."
دوایین سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان کە هەموو عێراقى گرتبێتەوە، لە ساڵى 1987 کراوە، ساڵى 1997 لە عێراق سەرژمێری کرا، بەڵام هەرێمى کوردستانى نەگرتەوە.
بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى گوتى، "نەک بە تەنیا هاووڵاتیى عێراقى، بەڵکو ناوی هەموو ئەو کەسانە تۆمار دەکرێت لە وڵاتدا دەژین، هەر کەسێکیش لە شارێکەوە چووبێت بۆ شارێکى دیکە، بە هەمان شێوە پرسیارى لێدەکرێت کە بۆچى جێگۆڕکێى کردووە."
بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان شەش ملیۆن و 3554 کەسە، بەراورد بە تێکڕاى دانیشتووانى عێراق 13.9% دەبێت، لە کاتێکدا داتاکانى بەغدا بۆ پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە بە 12.67% دیاریکراوە.
ئەو زیادەیەى لە رێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان دروست دەبێت، لانیکەم 1.5%ى پشکەکەى زیاد دەکات، بەگوێرەى 211 تریلیۆن دینارى بودجەى ئەم ساڵ، پشکەکە بە نزیکەى 3.1 تریلیۆن دینار زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ