لە عێراق لێکۆڵینەوە لە بردنى "ملیۆنان دۆلار" بە ناوى گەشتیارانەوە دەکرێت

10-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەک دەکرێت کە گومان دەکرێت بە ملیۆنان دۆلار گەندەڵی تێدا کرابێت. ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى لقى بانکەکان و وەزارەتى گواستنەوەی عێراق بە گەندەڵییەکە تۆمەتبار کراون.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکى گەندەڵى دەکرێت کە تێیدا ملیۆنان دۆلار بە ناوى فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران براوە. کارەکە لە رێگەى فەرمانبەرانى لقى بانکەکان لە فڕۆکەخانەکان و چەند فەرمانبەرێکى وەزارەتى گواستنەوە کراوە، کە فڕۆکەخانەکان سەر بەو وەزارەتەن.
 
بانکى ناوەندیی عێراق بۆ هەر گەشتیارێک سێ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی کە 1305 دینارە خەرجدەکات، لە کاتێکدا بەهای یەک دۆلار لەبازاڕ زیاتر لە 1450 دینارە. 
 
جەمال کۆچەر گوتى: "هەندێک لەو فەرمانبەرانە دۆلاریان بە نرخی فەرمی لە لقى بانکەکان بەناوى گەشتیارانەوە وەرگرتووە و لە بازاڕى رەش فرۆشتوویانەتەوە".
 
ئەو مامەڵەیە لە یاسای عێراقدا وەک بەقاچاخبردنى دۆلار مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، سزاکەى دەگاتە سێ ساڵ بەندکردن.
 
ئەندامەکەى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى: "لێژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە پێکهێندراوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە