رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى وەزارى و هاوئاهەنگى چوار قۆڵیى عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر بۆ رێگەى گەشەپێدان، مانگى حوزەیرانی داهاتوویان دیاریکرد بۆ ئەوەى یەکەم کۆبوونەوەى خۆیان بکەن.
دیاریکردنى ئەو وادەیە لە کۆبوونەوەى نێوان رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق و شاندێکى تورکیا بوو لە بەغدا بە سەرۆکایەتى بۆراک ئایکان، بەڕێوەبەرى گشتیى بەرێوەبەرایەتیى یەکێتیى ئەورووپا و پەیوەندییەکانی دەرەوەى وەزارەتى گواستنەوە و ژێرخانى تورکیا کە سەردانى عێراقیان کردووە.
کۆبوونەوەى لیژنەى وەزارى و هاوئاهەنگیى نێوان ئەو چوار وڵاتە لەدواى واژۆکردنى لێکتێگەیشتنێکى چوار قۆڵى پێکهێندرا کە لە 22ى نیسان لە بەغدا واژۆ کرا، لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
بەگوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، رەزاق سەعداوى بە شاندەکەى تورکیاى گوتووە، عێراق کۆبوونەوەکان رێکدەخات بۆ رێککەوتن لەگەڵ هاوبەشەکانى لەو ئەنجوومەنە.
پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان لە ساڵى 2050 کۆتایی دێت، هێڵێکى شەمەندەفەر و وشکایى خێرایە، بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیار لە بەندەرى فاوى بەسرە بۆ تورکیا.
وەزیرى گواستنەوەى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە عێراق لیژنە تەکنیکییەکانى پێکهێناوە، چاوەڕوانى وڵاتانى دیکە دەکات بۆ ئەوەى هەمان ئەو لیژنانە پێکبهێنن بۆ ئەوەى ئامادەکارى بۆ یەکەم کۆبوونەوەیان بکرێت لە بەغدا لەسەر بنەماى پەیماننامەى لێکتێگەیشتنى نێوانیان.
واژۆکردنى ئەو پەیماننامە بەشێک بوو لەو 26 رێککەوتن و پەیماننامەیەى لە سەردانى شاندى تورکیا بە سەرۆکایەتى رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، واژۆ کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ