شوێنی یانەی ئەسپسواریی بەغدا دوای 100 ساڵ خزمەت دەکرێتە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان

11-02-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
یانەی ئەسپسواریی بەغدا.
یانەی ئەسپسواریی بەغدا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی مێژوویی ئەسپسواری بەغدا، کە لە ساڵی 1922 دامەزراوە، بڕیارە بکرێتە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان، ئەمەش نیگەرانی لای ئەندامان و راهێنەرانی یانەکە دروستکردووە.
 
بەپێی بڕیارێکی دادگای کەرخی بەغدا، خاوەندارێتی زەوی یانەکە کە نزیکەی 16 هەزار مەتر دووجایە، دراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق. دواتر دەستەی وەبەرهێنان زەوییەکەی داوەتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، زانکۆ و نەخۆشخانەی ئەهلی.
 
عەبدولوەهاب عەبدولرەزاق، ئەندامی دەستەی گشتی یانەکە دەڵێت: "ئەم یانەیە پێش دەوڵەتی عێراقی دامەزراوە. دەیانەوێت هەرزان فرۆشی پێوە بکەن، بەڵام ئێمە رێگە نادەین. ئەمە تەنیا کاری مافیاکانە. خاوەن موڵک دەردەکرێت و ئەوانەی زێدەڕۆیی دەکەن دەبنە خاوەنی."
 
موهەنەد سوهێل، راهێنەری دێرینی یانەکە، نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: "خولیای بەخێوکردنی ئەسپم لە باوک و باپیرمەوە بۆ ماوەتەوە. ئێمە لە ساڵی 1972یەوە لەم یانەیەی عامرییەین. هەرگیز نەمانبینیوە کەسێک بێت و بڵێت ئەم یانەیە موڵکی ئێوە نییە."
 
بەپێی بەرپرسانی یانەکە، رووخاندنی یانەی ئەسپسواری بەغدا کاریگەری لەسەر زیاتر لە چوار هەزار خێزان دەبێت. عیماد تەها، ناوبژیوانی یانەکە داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد دەستوەردان بکات: "تەنیا خوا و سەرۆکوەزیرانمان هەیە ئەم کارەساتە ببینن. هەموو بەڵگەنامەیەکمان هەیە کە خاوەندارێتی ئێرە دەسەلمێنێت."
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە