گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

وشکبوونی رووباری ئەبولیحیە لە قەزای ئیسڵاحی سەر بە پارێزگای زیقار، تەنیا دیمەنێکی دڵتەزێن نییە، بەڵکو تراژیدیایەکی ژینگەیی و مرۆییە کە هەڕەشە لە بژێویی ژیانی زیاتر لە 60 هەزار کەسیش دەکات. 
 
ئەو رووبارەی رۆژانیک سەرچاوەی ژیان بوو بۆ دانیشتوانی قەزاکە، ئێستا وەک جۆگەلەیەکی لێهاتووە و دیمەنی وەک تابلۆیەکی هونەریی خەمناک دەردەکەوێت؛ ئەم دیمەنانە چیرۆکی دڵەڕاوکێ، ترس و نائومێدیان هەڵگرتووە.
 
دانیشتووانی قەزای ئیسڵاح ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، بە چاوی نائومێدیەوە دەڕواننە وشکبوونی رووبارەکەیان و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەو دۆخەی، رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، بەتایبەتی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ.
 
روویێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکە، کەمبوونەوەی ژمارەی گامێشە بەناوبانگەکانی عێراقە کە لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە37 هەزار کەمیان کردووە.
 
بەرپرسانی زیقاڕ دەڵێن، ئەگەر بیر لە چارەسەرێکی بنەڕەتی نەکرێتەوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم شوێنە وەکو بیابانێکی وشک دەبێت و پاشماوەی ژیانی سەختی پێوە دیار دەبێت.
 
عێراق، یەکێکە لە پێنج وڵاتەکەی جیهان کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەهۆی دۆخی ئاو، ئێستا هێڵی سووریان لەسەرە و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەیە.
 
ئەمەش ببینە و بخوێنەوە: