کۆمیسیۆن و حکومەتی عێراق لەبارەی "بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان" لە گفتوگۆدان

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان و حکومەتی عێراق تاوتوێى ئەوە دەکەن دەنگدەر جگە لە کارتى بایۆمەترى، بتوانێت بە کارتى نیشتمانیش دەنگ بدات، کە سەرۆکوەزیران داواى کردووە.
 
ئەو گفتوگۆیە بۆ ئەوەیە بتوانرێت کارتى نیشتمانى لەگەڵ کارتى بایۆمەترى دەنگدان لە هەڵبژاردنى داهاتوو دەنگى پێ بدرێت.
 
دوو سەرچاوەى بەرپرسی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداویان راگەیاند، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کردووە لەسەر ئەو پرسە.
 
 چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان مەترسییان هەیە رێژەى بەشدارى لە هەڵبژادنى داهاتوو کەم بێت و لەو کۆبوونەوەیەیان لەگەڵ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بۆچوونیان وابووە، کە بەکارهێنانى کارتى نیشتمانى لەگەڵ کارتى بایۆمەترى پاڵنەر دەبێت بۆ زیادکردنى ئاستى بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتى مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام 17.6 ملیۆنیان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و نزیکەى یەک ملیۆنیان کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمیسیۆن بە رووداوی گوت: "ئەوە بۆ لایەنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى روونکراوەتەوە کە کەمیی رێژەى بەشدارى لە هەڵبژاردن پەیوەندى بە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانەوە نییە".
 
دوایین هەڵبژاردن، لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە عێراق کرا کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوو، رێژەى بەشداریی 41% بوو، لەکاتێکدا هەڵبژاردنى پێشووتر لە 10 تشرینى یەکەمى 2021 رێژەى بەشدارى دەنگدەران 44% بوو. 
 
بڕیارە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق بەر لە 25ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.  
 
سەرچاوەکەى کۆمیسیۆن گوتى: "بەکارهێنانى کارتى نیشتمانى لەبرى کارتى دەنگدان لەسەر داواى محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیران بووە، بە ئاراستەى ئەوەی، دەکرێت ئەو هەنگاوە بنرێت؟ تائێستا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ لە گفتوگۆداین، بەڵام نەگەیشتوینەتە ئەنجام". 
 
12ى ئادارى 2025، شاندێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ لیژنەى یاسایی پەرلەمان کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان، یەکێک لەو پرسانەى باسکراوە، کارتى دەنگدان بووە. 
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "کۆمیسیۆن پێیان راگەیاندین 75%ى زانیارییەکانى کارتى نیشتمانى و کارتى بایۆمەترى دەنگدان هاوتان، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناتوانن پشت بە کارتى نیشتمانى ببەستن بۆ دەنگدان".
 
داواکاریى لایەنە شیعەکان بۆ بەکارهێنانى کارتى نیشتمانى بۆ دەنگدان پەیوەندى بەوە هەیە، ژمارەى ئەو هاووڵاتیانەى ئەو کارتەیان هەیە زیاترن لەوانەى کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە.  
 
لە کۆى زیاتر لە 45 ملیۆن هاوڵاتى عێراقى، 42 ملیۆنیان کارتى نیشتمانیان هەیە کە هەموو زانیارى کەسیى هاووڵاتیانى تێدایە و جێگرەوەى سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانى پێشووە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو پێشبینى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئەوە بوو، ئەگەر کار لەسەر ئەوە بکەن کاتى نیشتمانى بۆ دەنگدان بەکاربهێنرێت، تاوەکو 2027 ناتوانن ئەو کارە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا.

فوئاد حوسێن و ئەسعەد شەیبانی: سەقامگیری عێراق و سووریا پێکەوە گرێدراوە

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. هەردوولا هاوڕبوون لەسەر ئەوەی سەقامگیری هەردوو وڵات هاوبەش و پێکەوە گرێدراوە و دەڵێن، کار بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە هەمەلایەنەکانیان دەکەن.