رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارێک ساڵی رابردوو زیاتر لە 500 بوومەلەرزە لە عێراق تۆمارکراون، کە زۆربەیان سەرچاوەکەیان لە دەرەوەی سنوور بووە، زۆرترین ئەو بوومەلەرزانەشی تۆمار کراون لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.
بەگوێرەى راپۆرێکى بەڕێوەبەرایەتى کەشناسی و بوومەلەرزە زایى عێراق پار 539 بوومەلەرزە تۆمار کراون، گوڕەکانیان لە نێوان یەک بۆ 6.2 پلە بووە بە پێوەرى رێختەر، قوڵایی بوومەلەرزەکانیش لە نێوان سێ بۆ 46 کیلۆمەتر بووە.
231 بومەلەزەریان لە ناو خاکى عێراقدا بووە، 308 یان سەرچاوەکەیان لە دەرەوە بووە و درێژ بووەتەوە بۆ ناو خاکى عێراق.
لەو بوولەرزانەى سەرچاوەکەیان دەرەوەى عێراق بووە، 170یان لە ئێرانەوە، 116یان لە تورکیا، 11یان لە سووریا بووە، شەشیان لە کوێت، چواریان لە عەرەبستانى سعودیە و یەک بوومەلەرزەشیان سەرچاوەکەى کەنداوى عەرەبی بووە.
بەگوێرەى ئامارەکە، زۆرترین بوومەلەرزە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون کە 73 بوومەلەرزە بووە، لە دواى ئەو نەینەوا لە پلەى دووەم دێت بە 34 بوومەلەرزە، دهۆک بە 31 بوومەلەرزە و هەولێر بە 25 بوومەلەرزە لە پلەی سێیەم و چوارەم دێن، لە پارێزگاى بابلیش کەمترین بوومەلەرزە روویداوە کە تەنیا یەک بوومەلەرزە بووە.
زۆرترین بوومەلەرزە لە مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەمى 2024 تۆمارکراون کە لە هەر یەکێکیان 62 بوومەلەرزە روویانداوە.
بەراورد بە ساڵى 2023، روودانى بوومەلەرزە 57٪ زیادیکردووە، لە 2023 بەگوێرەى راپۆرتەکە، 311 بوومەلەرزە روویانداوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ساڵی 2006 تاوەکو 2024 زۆرترین بوومەلەرزە لە ساڵی 2018 تۆمارکراون، کە 1599 بوومەلەرزە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ