رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەى 100% سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن لە پێشێلکارییەکان بۆ سەر بۆریيەکانى نەوت. گوتیشی: "گرێبەستێک واژۆ دەکەن بۆ کڕینى درۆن."
ئەو گوتانەى عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە ئاهەنگى یادى 103 ساڵەى دامەزراندنى پۆلیس بوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ى کانوونى دووەمى 2025 لە بەغدا بەڕێوەچوو.
عەبدولئەمیر شمەرى راگەیاند، وەزارەتى ناوخۆ لە سەروبەندى واژۆکردنى گرێبەستێکە لەگەڵ دەستەى پیشەسازیى جەنگى بۆ کڕینى درۆن. ئاماژەى بەوەدا کە دۆسیەى ئەمنى حەوت پارێزگایان لە وەزارەتى بەرگریى وەرگرتووە و رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنى پارێزگاکانى دیکەش یەک لە دواى یەک دەکرێن.
9ى کانوونى دووەمى 1921، لە سەردەمى دەسەڵاتى پاشایی عێراق، بۆ یەکەمجار یەکەیەکى پۆلیس بۆ وەزارەتى ناوخۆى ئەو کاتە پێکهێنرا.
عەبدولئەمیر شمەرى ئاماژەى بەوەدا کە ساڵى 2024دا نزیکەى 17 هەزار چالاکییان دژ بە تاوانى رێکخراو کردووە.
لەبارەی راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییانیش، گوتی: "تاوەکو ئێستا 42 ملیۆن کارتى نیشتمانى دەرکراون و 26 نووسینگە بۆ دەرکردنى ئەو کارتە و پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى لە دەرەوەى عێراق کراونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ