رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە مافەکانی کورد لە عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەن.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەراوێزخستنی زمانی کوردی لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ماوەیەکە کار بۆ ئەوە دەکەین لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە هەموو ئەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتانە کۆبکەینەوە کە ستەمکردنە لە کورد و لە مافەکانی گەلی کورد بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."
ئەو بەرپرسەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە زیاتر قسەیکرد و گوتی، لەسەر پرسی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێکهاتەی کورد و زمانی کوردی و زەویوزاری کورد، "هەموو ئەو پێشێلکاراییانە بە پاکێج ئامادە دەکرێن و لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەین لە دژی هەموو ئەو لایانانەی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن."
زمانی کوردی بەپێی دەستوور زمانێکی فەرمییە لە عێراق. فەهمی بورهان دەڵێت: "ئەو پەراوێزخستنەی ناوە ناوە دەکرێت لە کەرکووک و لە عێراق بە گشتی قبووڵکراو نییە و بێدەنگ نابین، ئێمە بە یاسایی و سیاسی ئیشەکانمان دەکەین و دژی دەوەستینەوە."
سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "پێشێلکاریی زۆر روون" هەن بۆسەر مافەکانی کورد لە عێراق بەتایبەت لەو ناوچانە کوردستانییانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، "بۆیە رێوشوێن بەرامبەریان دەگرینەبەر."
فەهمی بورهان دەڵێت، نابێت مافی پێکهاتەی کورد وەکو یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لەژێر هیچ پاساوێکدا پێشێلبکرێت. داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەکات کە ئەرکە یاساییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و هاوکاریان بن لە هەوڵەکانیان.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە، بابەتی زمانی کوردی لە قوتابخانە عەرەبییەکان لە زمانێکی سەرەکییەوە کراوەتەوە لاوەکی، بە جۆرێک هەر قوتابییەک لەوانەی کوردی بکەوێت، بە دەرنەچوو هەژمار ناکرێت.
هەرچەندە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددە چواری دەستووری هەمیشەیی عێراق، زمانەکانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمیی عێراقن و ماف دراوەتە پێکهاتەکان بە زمانی تورکمانی و سریانی و ئەرمەنیی دایکیان لە دامەزراوەکان بخوێنن، بەڵام ماوەیەکە و بەدیاریکراوی لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە هەوڵەکان بۆ لابردنی زمانی کوردی لە نووسراو و تابلۆکان سەریهەڵدایەوە و چەند جارێک لە شارەوانی، هاتووچۆ و تەندروستی و چەند شوێنێکی دیکە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک روودەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ