باندێکی تایبەت بە کونکردن و دزینی نەوت لە عێراق دەستگیرکرا

09-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی 10 کەسی بەقاچاخبردنی نەوتی راگەیاند کە لە 5 پارێزگای عێراق بۆریی نەوتیان کونکردبوو.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "تیمەکانمان لە پارێزگای بەسرە گرووپێکی 10 کەسییان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە دزین و بەقاچاخبردنی نەوتی خاو. یەکێک لەوان کەسێکە لە کونکردنی بۆری شارەزایە و بەرپرسی ئەو گرووپە بووە کە لە 5 پارێزگا ئەو کارەیان کردووە". 
 
یەکێک لەو کەسانە ژمارەیەک تانکەری لابووە و لەو کاتەی دەستگیرکراوە نەوتی خاوی بۆ بەقاچاخبردن ئامادە کردووە.
 
تۆمەتبارەکان بەپێی حوکمەکانی مادەی 4ی تیرۆر و بڕگەی یەکەمی یاسای بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان راگیراون.
 
بە گوتەی لیوا زافر نەزمی حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی وزەی عێراق، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا 426 تۆمەتبار بە تۆمەتی دزین و بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 404 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلدا گیراوە؛ هەر لە هەمان ماوەدا دەستبەسەر 11 ملیۆن و 882 هەزار لیتر نەوت و بەرهەمی دیکەی نەوتدا گیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە