دادپزیشکیی عێراق: ئەم ساڵ 384 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

09-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 380 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە. سەنتەرێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، کەمتەرخەمیی شۆفێران و خراپی رێگەوبانەکان هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی رووداوەکانن.
 
عەبدولوەهاب عیسام، بەرپرسی بەشی مردووان لە بەڕێوەبەرایەتیی دادپزیشکیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق رایگەیاند، "لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 384 کەس لە عێراق بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە؛ 323یان لە رەگەزی نێر و 16یان لە رەگەزی مێ بوون. رووداوەکان بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێل، رووداوەکانی رێگەوبان و وەرگەڕانەوە بوون."
 
بەرپرسی بەشی مردووان لە بەڕێوەبەرایەتیی دادپزیشکیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "رووداوەکانی هاتووچۆ، جگە لەوەی مەترسییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە و بەهۆیانەوە سامانی مرۆیی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، زیانێکی زۆری ئابووری بە عێراق دەگەیێنن."
 
فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنوێنییەکانی هاتووچۆ، خراپی رێگەوبانەکان، نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و کەمیی کامێرا لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆن."
 
مانگی رابردوو، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "لە ساڵی 2023دا 11552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە و لە ئەنجامدا 3019 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 0.3% زیادیکردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە