سەنتەرێکی مافەکانی مرۆڤ: زیاتر لە 25٪ـی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

09-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پلاندانان، زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی لەژێر هێڵی هەژاریدان و ئەگەر رێگەچارەی راستەقینە بۆ کەمرکردنەوەی نەبێت، ژمارەکە زیاتر دەبێت. 
 
فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە وەرگیراوە، زیاتر لە 25٪ـی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، واتە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس."
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، زیاتر لە یەک ملیۆن خێزانی دیکەش لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەدان.
 
بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 43 ملیۆن کەسە، پارێزگاکانی باشووری عێراقیش لە هەژارترینەکانن. بەتایبەت پارێزگای موسەننا، کە رێژەکە دەگاتە 50٪، دواتر پارێزگاکانی زیقار، دیوانیە و میسان، کە رێژەی هەژاری تێیاندا 49٪ دەبێت، ئەوە جگە لەوەی رێژەکە لەو پارێزگایانەی لە دەستی داعش رزگارکران، (سەڵاحەدین، نەینەوا و ئەنبار) رێژەکە بەرزە و دەگاتە 40٪.
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەو سەنتەرە جگە لەوانە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 650 هەزار گەنج بە بێکار ناویان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نووسیوە.
 
فازڵ غەڕاوی باسی لەوەش کرد، سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق ستراتیژییەتی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری هەیە، بەڵام بە گوتەی ئەو :"ئەگەر پێداویستییەکانی ستراتیژییەتەکە جێبەجێ نەکرێت و هۆکارەکانی هەژاری بنەبڕ نەکرێت، ئەوا لە ساڵانی داهاتوو  کێشەی گەورەی ئابووری رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە و وڵاتەکە لەبەردەم زیادبوونی زیاتری رێژەی هەژاریدایە."
 
لە عێراقدا شەش ملیۆن بێ باوک و بێ دایک و دوو ملیۆن بێوەژن هەن، نزیکەی چوار ملیۆن کەسیش لە شوێنی نەشیاودا دەژین. 
 
بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، پێوەرەکانی هێڵی هەژاری ئەوەیە داهاتی کەسێک لە رۆژێکدا دۆلار و نیوێک یان کەمتر بێت، بەڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت: ژمارەکە لای ئێمە زیاترە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داهاتی رۆژانەیان دوو دۆلار و کەمێک زیاتر بێت.
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە