لە بەسرە بەهۆی گەرماوە رۆژێک دەکرێتە پشوو

09-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری بەسرە بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشووی فەرمی دەبێت، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت: "پێشبینی شەپۆلێکی گەرما دەکەین و بەسرە لە گەرمترینەکانی عێراق دەبێت."
 
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، بە نووسراوێکی فەرمی رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئەم مانگەی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگاکە بکاتە پشووی فەرمی.
 
بەپێی نووسراوەکە بڕیارەکە بۆ بەرژوەندیی گشتی دراوە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە بۆ سەروو 50 پلەی سیلیزی.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆتایی ئەم هەفتەیە تینی رۆژ گەرمتر دەبێت، بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، ئەمە دووم جارە لە ئەم ساڵدا عێراق بەو شەپۆلی گەرمایە کاریگەر دەبێت، پێشبینییەکانی ئێمە ئەوەیە بەسرە لە گەرمترین پارێزگاکانی عێراق دەبێت."
 
لەسەر نەخشەی گەرمترین شار و شوێنەکانی جیهان، عێراق زۆربەی کات هەیە، بەسرەش، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 3.4 ملیۆن کەسە لە پارێزگا دیارەکانی عێراقە کە ناوچەکانی لەسەر ئەو نەخشەدا هەن.
 
حکومەتی عێراق دەسەڵاتی بە پارێزگارەکان داوە، هەر رۆژێک پلەی گەرما گەیشتە سەرووی 50 پلە دەتوانن ئەو رۆژە بکەنە لە فەرمانگەکانیان بکەنە پشوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە