دابەزینی ئاستی دیجلە و فورات؛ 'پێشتر بە بەلەم و ئێستا بە پێ هاتووچۆ دەکەین'

10-07-2021
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ناوچەیەکی وشکبووی باشووری عێراق
ناوچەیەکی وشکبووی باشووری عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بەسرە خەمی  وشکەساڵی و لەنێوچوونی ئاژەڵەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان تەنگی بە ئاژەڵداران و جووتیاران هەڵچنیوە. ئاژەڵداران دەڵێن، بە بەرچاویانەوە ئاژەڵەکانیان بەهۆی تینوێتی دەمرن و ئەوانیش هیچیان لەدەستنایەت.
 
عەلی جاسب، ئاژەڵدارێکی بەسرەیە و دەڵێت، "وشکەساڵی کاریگەریی زۆر خراپی هەیە و شەکەتی کردووین. ئاژەڵەکانمان بەهۆی بێئاوییەوە ژەهراوی دەبن و دەمرن".
 
دیجلە و فورات لەلایەکەوە بەهۆی ئاوی پیس و پاشماوەوە بە رێژەیەکی بەرچاو پیسبووە، لەلایەکی دیکەشەوە گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و تورکیاوە، ئاستی ئاوەکانیشی زیاتر دابەزاندووە.
 
تەنانەت لە شەتی عەرەب، لەو شوێنەی دیجلە و فورات بەیەکدەگەن ئاستی ئاو کەمە. ئەوەش رێژەی خوێی شەتی عەرەبی زیاترکردووە کە ئەوە کەمبوونەوەی سەوزایی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
خەڵکی ئەو ناوچەیە دەڵێن تادێت مەودای نێوانیان لەگەڵ سنوورە ئاوییەکاندا دوورتر دەبێتەوە. ئەو شوێنانەی خەڵک مەلەی تێدا دەکرد، ئێستا بەپێ پێیدا دەڕۆن و دەپەڕنەوە.
 
رەعد حەمید، گاوانێکە لە شوێنی رووبارێکی وشکبوو وەستاوە و دەڵێت، "سەردەمانێک بەلەکەمەکان بێرەدا تێپەڕدەبوون، بەڵام هەروەک دەیبینن، ئێستا ئەمە مەحاڵە. ئیدی ئێمەش بە پێ بەسەر خاکەکەدا دەڕۆین و شت دەگوازینەوە. زۆر تاقەتپرووکێنە. کار وا بڕوات بەلەمەکان ناگەنە ئێرەش. هیچ شتێک چارەسەری ئەم کێشەیە ناکات، تەنیا رەحمی خوا".
 
وشکەساڵی جووتیارانی بەسرەی ناچارکردووە دەست لە پیشەی باپیرانیان هەڵبگرن و لە کەرتی بیناسازیدا دەستبەکار بن.
 
عەبدولڕەزاق قادر، جووتیارێکە و دەڵێت، "بەهۆی کەمیی سەرچاوە و پێداویستییەکان، هەوڵدەدەم واز لە جووتیاری بهێنم و دەست بە کارێکی دیکەی وەکو بیناسازی یان هەر کارێکی دیکە بکەم. چونکە کشتوکاڵ سوودێکی نەماوە". 
 
عێراق، وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت کە هێشتا برینی شەڕ و پێکدادان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی 40 ساڵی رابردووی بۆ ساڕێژ نەکراوە، بەرامبەر وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە وڵاتە دەستەوستان و بێ بەرگرییەکان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی واژۆکردنی گرێبەستەکە.

عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى لەگەڵ کۆریاى باشوور واژۆ کرد

وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى بەرگریى ئاسمانی لە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کرد، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان، یەکەمجارە دواى ساڵی 1991 عێراق ئەو جۆرە مووشەکە بکڕێت.