سوودانى: دەکرێ رێگەى گەشەپێدان بە پڕۆژەى "پشتێنە و رێگە" ببەسترێتەوە

09-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، دەکرێت رێگەى گەشەپێدان بە پڕۆژەى "پشتێنە و رێگە" ببەسترێتەوە و ببن بە یەک کە چین لە ساڵى 2013ـەوە رایگەیاندووە.

ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ داى لولیانگ، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى پترۆچایناى چینى لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و شاندێکى ئەو کۆمپانیایە، کە ئامادەییان پێشانداوە هاوکاربن لە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، سوودانى بە شاندى کۆمپانیا چینییەکەى گوتووە "دەکرێت هەردوو پڕۆژەکە ببن بە یەک."
 
پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان پڕۆژەیەکى عێراقە، ساڵى 2030 تەواو دەبێت، بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵایە بە ناو خاکى عێراقدا بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ ئەورووپا، لە کاتێکدا پڕۆژەى پشتێنە و رێگە ساڵى 2013 لەلایەن چینەوە وەک دەستپێخەریی راگەیێندرا کە ئەویش رێگەیەکى بازرگانییە و 2049 تەواو دەبێت.
 
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: عێراق ئامادەیە ببێتە هاوبەشێک لەگەڵ کۆمپانیاى پترۆچاینا بۆ پڕۆژەی پترۆ کیمیاییەکان لە دەرەوەى وڵات و گوتی: "بوونى کۆمپانیا چینییەکان لە کەرتە جیاوزەکاندا لەوانە نەوت،  زیاتر پەرە بە پەیوەندیى نێوان هەردوو وڵات دەدات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە