رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، دوێنێ لە قەزای تلکێف هێزێکی حەشدی کریستیان گردبوونەتەوە و داوای چوونە دەرەوەی کورد و بەتایبەت ئەوانەیان کردووە کە پارتین. دەشڵێت: "ئەوان دەیانەوێت تەنیا کریستیان لە قەزاکە بمێنێتەوە، تەنانەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش کە کریستیانیشە داوا دەکەن بگۆڕدرێت لەبەرئەوەی هاوسۆزی بۆ پارتی هەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 09-03-2023، کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەوانەی بەشدارییان لە گردبوونەوەکەی دوێنێی تلکێفدا کردووە، لە بەرامبەر بڕە پارەیەک بووە و دەشڵێت، "گردبوونەوەکە بۆ کردنەدەرەوەی کوردان بووە لە تلکێف."
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "رەیان کلدانی دەیەوێت تەنیا کریستیانەکان لە تلکێف بمێننەوە، ئەو نایەوێت بەهیچ شێوەیەک هیچ کوردێک و بەتایبەتی پارتییەکان لەوێ بمێننەوە".
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "تەنانەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش هەرچەندە کریستیانە، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسۆزی بۆ پارتی هەیە، دەڵێن دەبێت بگۆڕدرێت."
بەشداربووانی گردبوونەوەکە لەگەڵ بەشێک لە کادرانی پارتی بووەتە دەمەقاڵێیان، بەڵام بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، زوو چارەسەرکراوە. دەشڵێت: "ئەمڕۆ لە بەغدا راگەیێندراوێکمان بڵاوکردەوە و گوتمان: ئەو دۆخە قبوڵ ناکەین و چۆن هەرێمی کوردستان دەرگەی بۆ هەمووان کردووەتەوە چ کورد بێت، یان کریستیان، عەرەب و ئێزدی، دەبێت پارێزگاکانی دیکەش بەوشێوەیە بن، چونکە دەستوری عیراق وا دەڵێت."
کاڤین شێخ سەعید دەشڵێت: "لە راگەیێندراوەکەماندا باسی ئەوەمان کردووە کە نابێت رێگە بدرێت هیچ کەسێک لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە چ کورد بێت یان کریستیان، چونکە بەگوێرەی یاسا ئەوەی کاری لەوشێوەیە بکات دەبێت زیندانی بکرێت."
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون و فەرماندەی گرووپێکی کریستیانی نێو حەشدی شەعبییە، لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی چوار کورسییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ