پێنتاگۆن دەڵێت هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە

09-01-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، هیچ پلانێکیان نییە هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە و سەرنجی گەورەشیان لەسەر بەرنامەی تێکشاندنی داعش دەمێنێتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دووپاتیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە عێراقن. 
 
داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو گرووپە چەکدارییەکان لە عێراق رووی لە زیادبوونە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 4-1-2024 دوو فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی نوجەبای حەشدی شەعبی بەناوی تاڵیب ئەلسێعدی، بەرپرسی سەربازی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پشتێنەی بەغدا و عەلی نایفی یاریدەدەری کوژران.
 
دوای کەمتر لە 48 کاژێر لەو رووداوە، ئەمریکا هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
رۆژی هەینی، 5-1-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گوتی: "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق."
 
پاتریک رایدەر بێ ئاگایی خۆی لە هەر ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە وڵاتەکە پیشاندا.
 
ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا هەن، ئەو هێزانە لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە لەدوای گەرمبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 120 جار بە مووشەک و هاوەن و فرۆکەی بێ فرۆکەوان لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە هێرشیانکراوەتە سەر.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە