رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق و رێبەرى کۆماری ئیسلامیى ئێران کۆبوونەوە و باسیان لە هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکانیان کردووە لەبارەى سووریا و پاراستنى سەروەرى و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە.
نووسینگەى راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى نێوان محەممەد شیاع سوودانى و عەلى خامنەیی، رێبەرى کۆماری ئیسلامیى ئێران لە تاران، هەردوولا جەختیان لە "گرنگى زیادکردنى هاریکاری و هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە لە پێناو پاڵپشتیى ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەکە و بەهێزکردنى دیالۆگى هەرێمى و نێودەوڵەتى و رۆڵ بینین لە پاراستن و یەکپارچەیی و سەروەریى سووریا."
رۆژی چوارشەممە، 8ى کانوونى دووەمى 2025، محەممەد شیاع سوودانى بە سەرۆکایەتیى شاندێکى حکومەتەکەى، سەردانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى کرد، پێش ئەوەى چاوى بە خامنەیی بکەوێت، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رۆڵى عێراق کراوە لە ناوچەکە. سوودانى ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو دەستکەوتانەى بەهۆى قوربانیی عێراقییەکان و سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆر بەدەستهاتوون لە سایەى هەوڵى هێزە ئەمنییەکان بووە بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە.
سوودانى ئاماژەى بەوەداوە، "حکومەتەکەى لە سۆنگەى بەرژەوەندیى باڵاى عێراقەوە کار دەکات؛ بەشێوەیەک کە پارێزگارى لە سەروەرییەکەى بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ