رووداو دیجیتاڵ
جوتیارانى دوو پارێزگاى عێراق پەنا بۆ رێگەى نوێ دەبەن بۆ بەرهەمهێنانى برنج، ئەمەش لەڕێگەى ئامێرى ئاوپڕژاندن و تۆوێک کە بەرگەى گەرما و کەمئاوى دەگرێت.
جووتیارانى قەزاى شامییەى دیوانییە ئەو هەنگاوەیان ناوە و بەو شێوازە نوێیە چەڵتووکى برنج دەچێنن.
چەڵتووک ئاوى زۆرى پێویستە، بەهۆى کەمئاویشەوە جووتیارانى ئەو پارێزگایە لە رێگەى ئاوپڕژێن ئاوى مەرەزەکانیان دەدەن، کە بەو هۆیەوە کەمتر ئاو بەفیڕۆدەچێت.
جووتیارێکى قەزاى شامیە دەڵێت "بە رێگە کۆنەکە پێویستى بەوە بوو 10 بۆ 15 کەس بچن لێرە و لەوێ بەدەست ئاو بهێنن، ئێستا تەنیا کەسێکى پێویستە بۆ ئەوەى ماتۆڕەکە بخاتەکار و بە ئاوپڕژێن بەشێوەیەکى دروست، کێڵگەکە ئاو بدات."
کەمئاوى و وشکەساڵى جووتیارانى بەرهەمهێنى برنجى ناچارکردووە بە دواى رێگەى ئاساندا بگەڕێن بۆ ئەو بەرهەمەى ئاوى زۆرى دەوێت.
لە نەجەفيش جووتیاران هەمان هەنگاویان ناوە، کە لەگەڵ دیوانییە دوو لە بەرهەمهێنەرانى سەرەکیی برنجن لە عێراقدا.
فایز یاسرى، جووتیارى برنج گوتى "ئەمساڵ دڵخۆش بووین بەوەی گوتیان دەتوانن چەڵتووک بچێنن، چاندنەکە زیاتر بۆ نەفەوتانى بنە تۆوەکەیەتى نەوەک قازانج، ئێمە پێوستمان بە کڕینى بنەتۆو، پەیین، قڕکەر و کێڵانە، ئەمانە هەموویان پێویستیان بە پارەیە."
جگە لە گۆڕینى شێوازى ئاودان، جۆرى بنەتۆوى برنجەکەش گۆڕدراوە بۆ ئەوەى بەرگەى کەمئاوى و گەرماى زۆر بگرێت.
عەبدولکازم جەواد موسا، بەرپرسی بەشى لێکۆڵینەوە کشتوکاڵییەکانى قەزاى میشخاب لە نەجەف دەڵێت "نزیکەى 15 ساڵ کارمان لەسەر ئەو جۆرە برنجەى دەچێندرێت، کردووە. ئەمە لە جۆرەکانى دیکە بەرهەمدارترە و زیاتریش بەرگەى کەمئاوى دەگرێت."
لە ساڵى 2020ـەوە بەهۆى کەمئاوى، چاندنى چەڵتووک نەدەخرایە پلانى کشتوکاڵییەوە، تەنیا رووبەرێکى کەم نەبێت، ئەویش بۆ پاراستنى بنەتۆوى برنجى عێراقی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ