رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ بە پڕۆژەیاسای دەزگاى ئاسایشى نیشتمانی دەدات. هەروەها تاوتوێى پڕۆژەیاسایەکى دیکە دەکرێت کە تایبەتە بە قەرەبووى زەوى و موڵکە داگیرکراوەکانى ناوچە کوردستانییەکان.
راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق خشتەى کۆبوونەوەى داهاتووى بڵاوکردەوە کە پێنجشەممە 9ى ئایار دەکرێت و چوار بڕگەى تێدایە.
لەو دانیشتنەدا بڕیارە دەنگ لەسەر هەردوو پڕۆژەیاسای دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق و هەموارى یاسای وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بدرێت.
دوو بڕگەکەى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەتە بە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پشووە فەرمییەکان، خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە گرتوونیەتیەوە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى دەسەڵاتى پێشوو تایبەتن بە قەرەبووى ئەو زەویانەى لە ناوچە کوردستانییەکان داگیرکراون."
ئەو کۆبوونەوە لە کاتێکدایە 7ى ئایار پشووى وەرزى یەکى پەرلەمان دەستپێدەکات، دارا سێکانیانى گوتی، "ئەگەر زۆرە لەو کۆبوونەوەیەدا درێژکردنەوەى کارى پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە."
درێژکردنەوەى کارى ئەم وەرزەى پەرلەمان بە دەنگى زۆرینەى ئەندامانى ئامادەبووی کۆبوونەوەکە دەبێت. بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ، ناتوانرێت زیاتر لە مانگێک کارى پەرلەمان درێژ بکرێتەوە.
پەرلەمان لە ساڵێکدا دوو پشووى هەیە، هەریەکەیان دوو مانگە، پشووى وەرزى یەکەم هەرکات دەستپێبکات لە 7ى تەممووز کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ