بانکى ناوەندیى عێراق وەبەرهێنانى لە کاخەزە داراییەکان راگرت

06-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانکى ناوەندیى عێراق، بە 'کاتى' وەبەرهێنان لە کاخەزە داراییەکان رادەگرێت، کە حەواڵەى بانکەکان لەو رێگەیەوە سەرەکیترینیانە، بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى ئابووریى پەرلەمانیش ئەو بڕیارە بەهۆى "گەندەڵی" بووە. 
 
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق، کە 3ـی حوزەیران ئاراستەى سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی کردووە، پێى راگەیاندوون لەسەر بنەمای سیاسەتى نەختینەیی، بڕیاردراوە وەبەرهێنان لە کاخەزە داراییەکان رابگیرێت، کە حەواڵەى بانکەکان بەڵگەنامەى خەواندنى پارە دەگرێتەوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى دارایی و ئابوورى و پیشەسازیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بانکی ناوەندى قەواڵەى دارایی بە بانکەکان دەفرۆشێت و بەگوێرەى ئەم بڕیارە مامەڵەکردن بەو قەواڵانەوە لە بازاڕى کاخەکە داراییەکان رادەگیرێت، کە کڕین و فرۆشتنى پێوە دەکرا، جگە لەوەش ئەو سوودەى دەچووە سەرى، رادەگیرێت.   
 
بەگوێرەى بڕیارەکەی بانکى ناوەندی، لە داهاتوودا پێداچوونەوە بۆ کارى بانکیی کاخەزە داراییەکان دەکرێت.
 
قەواڵە داراییەکان لەلایەن بانکى ناوەندییەوە بە بانکە ئەهلییەکان دەفرۆشێت، کە باڵانسێکى نەختینەیی تێدایە بۆ ئەوەى لە بازاڕدا مامەڵەى پێوە بکەن، ئەمەش لە برى پەنابردن بۆ مامەڵەى نەختینەیى.
 
سۆران عومەر دەڵێت، بەشێک لەو قەواڵە داراییانە ساختەکراون و بۆ ئەوەى بە پاڵپشتى ئەوە، کۆمپانیاکان مامەڵەى دارایی و وەبەرهێنان بکەن وەک ئەوەى کۆمپانیاکە باڵانسى نەختینەیی هەبێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە