لە پەرلەمانی عێراق 182 واژۆ بۆ ناساندنی کوردی ئێزدی وەک 'نەتەوە' کۆدەکرێنەوە

06-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

182 پەرلەمانتار واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەى یاسای "نەتەوەى ئێزدى" پەسند بکرێت. پەرلەمانتارێکی ئێزدى دەڵێت: "ئەو داواکارییە نایاساییە". ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانیش لە وەڵامى داواکارییەکى لەو جۆرەدا دەڵێت: "بەگوێرەى دەستوور ئێزدى ئایینە، نەک نەتەوە."
 
بەگوێرەى نووسراوێک، کە واژۆى 182 پەرلەمانتارى عێراقى بەسەرەوەیە، داوا لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کراوە، پڕۆژەیاساى نەتەوەى ئێزدی گەڵاڵە بکرێت، داواکارییەکە لەلایەن نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا پێشکێش کراوە. 
 
لە وەڵامى ئەو داواکارییە، لە 4ى حوزیرانى 2024 ن نازم ساعیدى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى موحسین مەندەلاوى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان ئاماژەى بەوەداوە کە داواکارییەکەیان ئاڕاستەى لیژنەى یاسایی کراوە.
 
ئیبراهیم میرانى، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو داواکارییە نایاساییە، چونکە ئێزدییەکان ئایینن نەک نەتەوە و گەلى عێراقیش لەسەر بنەماى نەتەوە دابەش نەبووە."
 
بەشێک لەپاساوى ئەو داواکارییە بۆ گەڵاڵەکردنى پڕۆژە یاساکە، قەرەبووکردنەوەى ئێزدییەکانە بەهۆى ئەو کۆمەڵکوژییەى لەلایەن داعشەوە رووبەڕوویان بووەتەوە، ئیبراهیم میرانى دەڵێت: "ئێمەش لەگەڵ ئەوەین کە ئێزدییەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بەرگریکارى سەرەکى بووین لەو پرسە" .
 
پێشتر لە 18ى تشرینى دووەمى 2023 نایف خەڵەف سیدۆ نووسراوێکى ئاڕاستەى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، داواى کردووە  فەمان بدرێت بە دامەزراوە فەرمییەکان کە وەک ئایین و نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان بکرێت.
 
لە 5ى ئایارى 2024 د. کازم کەریم، یاریدەدەرى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى یاسایی لە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران وەڵامى ئەو نووسراوەى نایف خەڵەفی داوەتەوە و دەڵێت: "بەگوێرەى دەستوور ئێزدییەکان وەک ئایین هەژمارکراون و ئاماژەى تێدا نییە، کە وەک نەتەوە هەژمار بکرێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە