رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتى و پارت و بەربژێرانى سەربەخۆ و کۆتاکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکاتەوە کە ماوەکەی پێنج رۆژە و لە 8ى حوەزیرانەوە دەستپێدەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی حوزەیران، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە 8 تاوەکو 13ى حوزەیران دەرگەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى، پارت، بەربژێرانى سەربەخۆ و کۆتاکان دەکاتەوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان".
جومانە غەلاى گوتیشی: "کردنەوەى ئەو دەرگەى تۆمارکردنە تەواوکاریى تۆمارکردنى پێشوو دەبێت کە بۆ هەمان هەڵبژاردن ژمارەیەک بەربژێر و هاوپەیمانێتى و پارت ناوى خۆیان تۆمار کردبوو".
کردنەوەى دەرگەى تۆمارکردنەکە دواى سێ رۆژ لە بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دێت کە تێیدا پێشنیازى دابەشکردنى کورسییەکانی کۆتاى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کرد؛ لە هەولێر و سلێمانى یەکى دوو کورسى بۆ کریستیان و تورکمان دانراوە، بۆ دهۆک یەک کورسیى کۆتا بۆ ئەرمەن داندراوە.
جومانە غەلاى رایگەیاند: "لە دواى 13ى حوزەیران لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى ئەو بەربژێرانە دەکرێت کە لەماوەى ئەو پێنج رۆژەدا ناویان تۆمار دەکەن."
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت بەوەش ژمارەى کورسى گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە.
ژمارەى کورسیی گشتى جگە لە کۆتا لە پارێزگاى سلێمانى لە 38 کورسیەوە دەبێت بە 36، لە هەولێر 34 کورسییەوە دەبێت بە 32، دهۆک لە 25 کورسییەوە دەبێت بە 24 کورسی، بەگوێرەى گۆڕانکارییەکە، دەبێت هەر لیستێک لە هەولێر و سلێمانى چوار بەربژێرى خۆیان کەم بکەنەوە، لە دهۆکیش لیستەکان دوو بەربژێر کەم بکەنەوە.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان راگەیاند، بەگوێرەى ئەو گۆڕانکارییە، هەر لیستێک ناوى ئەو بەربژێرانە بۆ کۆمیسیۆن نەنێرێت کە کەمی دەکاتەوە، کۆمیسیۆن خۆى لە بەربژێرانى ریزبەندى کۆتایی لیستەکە ئەو ژمارەیە لادەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ