وەزیری پیشەسازیی عێراق بۆ رووداو: داهاتی بەرهەمی ناوخۆ ناگاتە 300 ملیۆن دۆلار

06-03-2024
محەممەد شێخ فاتیح
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی عێراق بە رووداوی گوت، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر بەرهەمی پیشەسازیی عێراق هەبووە. هەروەها دەشڵێت، داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی ناگاتە 300 ملیۆن دۆلار.
 
وەزیری پیشەسازیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووری رووداو ئەو قسانەی کرد.
 
ئەو وەزیرەی حکومەتی عێراق بابەتی جۆراوجۆری باسکرد، یەکێکیان بەرهەم و داهاتی ناوخۆی عێراق بوو، ئەو دەڵێت، "پار کۆی داهاتی بەرهەمەکانمان ترلیۆنێک و 400 ملیار دینار بوو".
 
لەبارەی کێشەکانی بەردەم پیشەسازیی عێراق، وەزیری پیشەسازیی گوتی، "گومرگی سنورەکان کێشەی بەردەم پیشەسازییە، کاڵای وا دێنە ژوورەوە کە پابەندی پێوەرەکانی عێراق نین".
 
لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانیانەوە بە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان باشە، بەڵام بەربەستی سیاسی لە پێشمانە".

 

 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید باتل، وەزیری پیشەسازیی عێراق
 
رووداو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. سەرەتا دەمەوێت پرسیارێک بکەم، بۆچی لە بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی وەک جاران رستەی "لە عێراق دروستکراوە" نابینین ؟
 
خالید باتل: بە ناوی خوا، سوپاس بۆ جەنابتان و کەناڵە بەڕێزەکەتان، هەروەها سوپاس بۆ ئەو بینەرانەی کە دەمانبینن. لە راستیدا ئەمە هۆکاری خۆی هەیە و رەنگە سەخت بێت لە خولەکێک یان دوان پوختیان بکەمەوە، لەبەر ئەوەی هۆکارەکان زۆرن. یەکەم، پێش ساڵی 2003، نەوەک پاش ساڵی 2003 لە سەر ئاستی عێراق سیستمێکی سۆسیالیست هەبوو پێش 2003 حوکڕانیی دەوڵەتی دەکرد، ئەو سیستمە پلاندانەر و حوکمڕانیی هەموو وردەکارییەکانی دەوڵەتی دەکرد بە پیشەسازی، بازرگانی و سیاسەتی هەناردەکردن و هتد... پاش 2003 سیستمەکە گۆڕا دەستوور گۆڕا و چەمکی گشتیی ئابووریش گۆڕا. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر مەبەستت لە جاران پێش 2003 بێت، پیشەسازییەکان و بەرهەمە عێراقییەکان بە گشتی وابەستەی کشتوکاڵ بوون. لە دەرەوە بەرهەمی عێراقی خورما و لۆکەمان دەبینی هەندێ بابەتی خۆراکیمان دەبینی،  بەڵام وەک پیشەسازی شتەکە سنووردار بوو. لەبەر چی پاش 2003 وردەوردە کەمیان کرد؟ لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان پەیوەستە بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا کە بوونە هۆی کەمبوونەوەی پشکی ئاوی هاتوو بۆ عێراق و بەو هۆیەوە داکشانی کشتوکاڵ هات، بەبیابانبوونێکی زۆر پەیدا بوو لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا و ئەو بڕە ئاوەی دەهاتنە ناو دیجلە و فرات زۆر کەمیان کرد، هەروەها زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەکاربردنی ئاوی زیاتر کرد. بە داخیشەوە دەبینین عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زیاترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لە سەرە. ئەمە بوو بە واقیع و تەنیا هەواڵێک نییە لە رۆژنامە بیخوێنینەوە یان لە تیڤی بیبینین. واقعە و کاریگەرییەکەی دیارە. پێم وایە ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
 
رووداو: جەنابی وەزیر ئەو پیشەسازییانە چین کە عێراق پێویستی بە هاوردەکردنیان لە دەرەوە نەماوە؟
 
خالید باتل: چیمەنتۆ یەکێکە لەو پیشەسازییانەی 100٪ گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی. سەرەڕای زۆریی پرۆژەکانی ژێرخان و پرۆژەکانی نیشتەجێکردن، کە چیمەنتۆ ماددەیەکی سەرەکی پیشەسازیی بنیادنانیانە ئەگەر ئەم ناوە گونجاو بێت. ماددەی دیکەمان هەن رێژەی خۆبژێوی تیایاندا جۆراوجۆرن و، باجی پاراستنی بەرهەممان بە سەریاندا سەپاندووە. بە پێی یاسا ئەو ماددانەی زیاتر لە 50٪ی لە عێراق بەرهەم دێت باجی پاراستنی بەرهەمی دەخەینە سەر بەمەش نیوە خۆبژێوییەک هەیە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا گرینگە بگەینە ئاستی خۆبژێوی و رێگری لە هاوردەکردن بکەین؟ یان نا؟ ئەمە لە مافی بەکاربەر دەدات. دوو یاسا هەن لە عێراق دەرچوون، یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی و یاسای پاراستنی بەکاربەر. بەردەوام باسی ئەم هاوسەنگییە دەکەم، چوونکە راست نییە هاوردەکردنی هیچ ماددەیەک قەدەغە بکەین تەنانەت ئەگەر لە عێراقدا گەیشتبینە ئاستی خۆبژێوی. راستیەکە ئەوەیە بابەتەکان بخەینە بەردەست و بەکاربەر خۆی هەڵبژێرێت و، لێرەدا کێبەرکێیەکە لە نرخ و لە کوالیتی دەبێت. بۆیە بەرهەمی نیشتیمانی گرینگە و هانی بەرهەمی نیشتمانی دەدەین، بەڵام یاسایەکی بەرکار هەیە پاراستنی بەکاربەرمان بە سەردا دەسەپێنێت، هەم یاسایە وردەکاریی یاسایی هەیە. بەردەوام لەم رووەوە دەپرسم: کامیان گرینگترە؟
 
رووداو: کامیان گرینگترە؟
 
خالید باتل: بەرهەمی ناوەخۆیی یان گیرفانی بەکاربەر و هاووڵاتیی عێراق؟
 
رووداو: کامیان گرینگترە؟
 
وەزیر: من بۆ خۆم پێم وایە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتیی عێراق لە پێش پاراستنی بەرهەم دێت با نموونەیەک وەرگرین. گریمان پاراستنی بەرهەم بە سەر ماددەیەکی دیاریکراودا سەپێنرا، بۆ نموونە پەنیر، کە رۆژانە هاووڵاتیان لە ئاستە جیاجیاکاندا دەیخۆن. ئەگەر باجت سەپاند یان هاوردەکردنی پەنیرت قەدەغە کرد، ئایا نرخی پەنیر بەرز دەبێت یان بەرز نابێت؟ ئەگەر بە تەواوی هاوردەکردنی ئەمە بازاڕە و خستنەڕوو و خواستی تێدایە. کاتێکیش نرخی ماددەکە بەرز دەبێت هاووڵاتی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نەرێنی. بۆیە پێویستە جۆرە هاوسەنگییەک هەبێت لە نێوان بەکاربەر و بەرهەمدا.
 
رووداو: هەندێک هەن دەڵێن کوالیتیی کاڵا و بەرهەمی ناوەخۆیی بەرزترە لە بەرهەمە هاوردەکراوەکان.
 
خالید باتل: ئەوە من نیم کە ئەمە دیاری دەکات. ناتوانم وەک وەزیری پیشەسازی کەسێکی سەندیکایی بم و پەسنی بەرهەمی ناوەخۆیی بکەم و بەرهەمی هاوردەکراو بشکێنم. ئەمە زەوقی بەکاربەریش دیاریی دەکات و ئەوەی بەکاربەر بە دوایدا دەگەڕێت. بەڵێ، بەرهەمی عێراقی هەن کوالیتییان زۆر بەرزە. هەر بۆیا هەندێ جار بەهۆی ئەم کوالیتییە بەرزەوە ناتوانێت کێبەرکێی لەگەڵ هاوردەکراوەکەدا بکات. ئەمەش دژبەرییە، بۆ؟ لەبەر ئەوەی نرخەکەی بەرزە. نموونەیەک دەهێنمەوە، رۆژی چوارشەمی رابردوو سەردانی کارگەیەکی پاتریم کرد.
 
رووداو: لە چ پارێزگایەک؟
 
خالید باتل: لە بەغدا کارگەیەکی پاتریمان هەیە لە سلێمانیش کارگەی پاتریمان هەیە، بەرهەمێکی کوالیتی بەرزی هەیە. بەڵام من لێرە باسی کارگەکەی بەغدا دەکەم. پێت وایە کوالیتیی پاترییە عێراقییەکە لە زۆر لە هاوردەکراوەکان بەرزترە؟ با هەر تەکنیکارێک بچێت پاتریی عێراقیی وشکی ئۆتۆمۆبیل بپشکنێت، دەبینێت ئەوە 60 ئەمپێرییە  یان 61 ئەمپێر دەدات و لە خراپترین دۆخدا 59 ئەمپێر دەدات. بڕۆ بەشێک لە هاوردەکراوەکان نەک هەموویان، زۆربەیان لێی نووسراوە 60 ئەمپێر بەڵام لە راستیدا 48 یان 50 دەدات. ئەمە کوالیتییە، بەڵام لە رووی نرخەوە هاوردەکراوەکە هەرزانترە بۆیە زۆربەی کات شۆفێری تاکسی یان هاووڵاتی لە هەرزانی دەگەڕێت و گوێ بە کوالیتی نادات. ماوەی کارکردن دڵنیایی هەیە و پاترییە عێراقییەکە لەمانەدا باشترە و خەڵک رووی تێ کردووە، لە چارەکی یەکەمی 2023دا کارگەکە تەنیا205 پاتریی 60 ئەمپێری فرۆشت، لە چارەکی چوارەمدا 7000ی فرۆشت. لە 205ـوە بۆ 7000، بۆ؟ ئەمە ئەنجامی سیاسەتێکی دروستی بەبازاڕکردن بوو. ئەمە کاتی دەوێت رەنگە دوو یان سێ ساڵ بوێت تا ئەو کاتەی هاووڵاتیی خاوەن ئۆتۆمۆبیل پاترییەک بە ناوی بابل یان دیجلە یان هەر ناوێکی هەبێت بەکار دەهێنێت و دەزانێت کوالیتیی باشە، ئەو کاتە دووبارە دەیکڕێتەوە و ئامۆژگاریی برا و برادەر و کەسوکار دەکات و دەڵێت ئەم پاترییە باشە و بەم شێوەیە،  بەڵام کاتێک دەچیتە کۆمەڵگەی میشن لە بەغدا بەناوبانگە، هەر پاترییەک بپشکنیت بە دەگمەن دەبینیت هەندێ جۆری دیاریکراو هەن لە ٦٠ ئەمپێر نزیک بن. بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە، کێبرکێ هەیە، کارگە عێراقییەکان چەند پوەرێکی کالێتی هەن پشتیان پێ دەبەستن و نزمتر لەو کاوالێتیە بەرهەم ناهێنن، ئەو مواسەفاتانە لەلایەن پێوانەکردن و کۆنترۆڵی جۆرییەوە دەردەچن، بەڵام هاوردەکراوەکە هەندێک جاران پابەندی مواسەفاتە عێراقییەکە نییە، ئەمەش کەموکورتییەکە کە ئێمە لە سنوورەکاندا و لە گومرکەکاندا هەمانە، کە دەبێت هیچ کاڵایەک ئەگەر پابەندی مواسەفاتی عێراقی نەبێت نەیەتە ژوورەوە. یەکێک لە گەورەترین و گرینگترین کێشەکانی پیشەسازی بریتییە لە گومرک، مەبەستم سنوورەکانە نەک دامەزرواەی گومرک، سنوورەکانمان قایم نین و کاڵای وا دێنە ژوورەوە کە پابەندی مواسەفاتی عێراق نین.
 
رووداو: بەڵام بۆ دێنە ژوورەوە؟
 
خالید باتل: بە هۆکاری ئەو کێشە دیارانەی گومرکەکانەوە دێنە ژوورەوە. با نموونەیەکی دیکەت پێ بدەم، بۆ نموونە ئەو بگۆڕی کارەبایەی کۆمپانیای دیالە بەرهەمی دەهێنێت، نرخەکەی دوو هێندەی بگۆڕێکە بە هەمان توانا کە لە فڵان دەوڵەتەوە هاوردەی دەکەین، ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنم، نرخەکەی دوو هێندەیە، بەڵام تەمەنی چەند هێندەی ئەوانەیە، واتە بۆ نموونە بگۆڕەکانی دیالە تەمەنیان 30 تا 40 ساڵە و چاکیش دەکرێنەوە لە کاتێکدا بگۆڕێک کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە دێت تەمەنی کورتترە، دوو یان سێ یان چوار ساڵە و دەتەقێت چاکیش ناکرێتەوە، وەکو کەرەستەی دیسپۆزەبڵ وایە بۆ یەک جار بەکار دێت. لەبەر ئەوەی کوالیتییەکەی زۆر بەرزە و ئیمتیازی لە کۆمپانیای میتسوبیشیی ژاپۆن وەرگرتووە لە کێبەرکێدا سەختی دێتە سەررێگەی، نرخەکەی  لە سەر حسابی کوالیتی دەبێت یان کوالیتی لە سەر حسابی نرخ دەبێت.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، ئایا بەرهەمی کارگەکانمان لە رووی ئابوورییەوە قازانجی زیاترمان بۆ دەستەبەر دەکات لە کاڵای هاوردەکراو؟

 

خالید باتل: لە رووی  ئابوورییەوە، بێگومان پیشەسازییە نیشتمانییەکان داهاتی ئابوورییان بۆ وڵات باشترە، لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان بەگەڕخستنی هێزی کار، ئەگەر پیشەسازیمان نەبێت ئەم کارمەندە ئەگەر کارمەندی حکوومەت بێت بەبێ کار دادەنیشێت و ئەگەر لە کەرتی تایبەت بێت ئەوە کەرتی تایبەت دەینێرێتەوە ماڵەوە. بازرگانیش لە نێو کەرتێکی ئابوورییە هاوردەکاری تێدایە و کۆگا و کرێکار و ئۆتۆمۆبیل و هەندێکی دیکەشی تێدایە،  بەڵام وەک سوود بێگومان سوودی ئابووریی کەرتی پیشەسازی بزوێنەری چەند کەرتێکی دیکەیە چونکە پیشەسازی و بازرگانیش بەگەڕ دەخات و کاتێک لە وڵاتێکدا بەرهەمێکی ناوەخۆیی هەیە پیشەساز نایفرۆشێت بەڵکو دەیداتە بازرگانێک و بازرگانەکە دەیفرۆشێت،  بەڵام رەنگە قازانج لە هەندێک کاڵای هاوردەکراودا زۆرتر بێت، لە راستیدا ئەمە بە سیاسەتی دەوڵەتەوە پەیوەستە. پیشەساز بەردەوام بە دوای دراوێکی لاوازدا دەگەڕێت و بازرگان بە دوای دراوێکی بەهێزدا دەگەڕێت.
 
رووداو: چۆن؟
 
وەزیر: ئێستا بۆتی رووندەکەمەوە گەورەترین ناکۆکیی نێوان ئەمەریکا و چین کە دوو گەورەترینن وڵاتی ئابوورین لە جیهاندا. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی نێوانیان کێشەی دراوە. چین دراوی خۆی بە لاوازی پاراستووە، خۆی نایەوێت بەهێزی بکات، مەگەر چین ناتوانێت دراوەکەی بەهێز بکات؟ ئەمەریکاش دەیەوێت ئەوان دراوی خۆیان بەهێز بکەن. چونکە کاتێک دراو لاواز دەبێت تێچووی بەرهەم کەمتر دەبێت، بڕوانە ژاپۆن و بڕوانە... بەهێزترین دراو لە جیهاندا چ دراوێکە؟ دیناری کوەیتە، بەڵام ئایا پیشەسازییان هەیە؟ چونکە تێچووی پیشەسازی بارز دەبێت، هەقدەست بەرز دەبێت تێچووی وزە بەرز دەبێت و هتد.. بۆیە ململانێیەکە لەنێوان بازرگان و پیشەسازدا ئەزەلییە، بازرگان بە دوای دینارێک یان دراوێکی بەهێزەوەیە و پیشەساز بە دوای دروێکی لاوازەوەیە. قازانجی بازرگان خێراترە، بۆ نموونە دەیەوێت دەستەوارەیەکی ئۆتۆمۆبیل بهێنێت بۆ نموونە 1000 ئۆتۆمۆبیل و ئیعتماد موستەنەدی دەکاتەوە و هەموو پرۆسەکە بۆ نموونە شەش مانگ دەخایەنێت. بەڵام پیشەسازێک بۆ ئەوەی کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل دابمەزرێنێت و دەست بە دروستکرنی ئۆتۆمۆبیل بکات چەندین ساڵی پێویستە بەراوردەکە بەم شێوەیەیە.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، هیچ بەرهەمێکی پیشەسازی هەیە کە عێراق بتوانێت هەناردەیان بکات؟
 
وەزیر: بەڵێ، پیشەسازی هەن لە کەرتی تایبەت ئێستا گەیشتوونەتە بازاڕەکانی ئەوروپا، ئێستا لە زیاتر لە شوێنێک دەیانبینیت. من خۆم لە ئەوروپا پێش مانگێک خورمای عێراقیم بینی، ناوی کۆمپانیاکان ناڵێم بۆ ئەوەی نەبێت بە رێکلام بۆیان، بەڵام کۆمپانیامان هەن بۆ ئەوروپا هەناردە دەکەن. کۆمپانیاکانی کەرتی گشتیشمان هەن و کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی کیمیایی دەستی بە هەناردەکردنی هەندێک ماددەی کیمیایی کردووە. بابەتەکە ئەوە نییە ئایا هەناردەکردن هەیە یان نییە، لەوە گرینگتر ئەوەیە ئایا بازاڕی ناوەخۆ تێر بووە یان تێر نەبووە. بازاڕی ئێمە بەکێشکەرە و رێژەی بەکاربردن لای ئێمە بەرزە بۆیە وا باشترە بازاڕی ناوخۆ تێر بکەین و پێداویستییە بنەڕەتییەکان دابین بکەین ئینجا بیر لە هەناردەکردن بکەینەوە و، هەندێک ماددەیش هەن کە بۆ هەناردەکردن دروست دەکرێن چونکە بۆ بەکاربەری نێوخۆیی گرانن، بۆ نموونە هەندێ خورمای عێراقی هەن ئاستیان زۆر بەرزە و نرخیان گرانە، ئەوەتا هەندێک کۆمپانیا هەن لە بەغدا، بەسرا و لە کەربەلا بۆ هەناردەکردن بەرهەمی دەهێنن و لەپاکەتنانەکەی شتێکی رێکوپێکە و لە بازاڕ زۆر گرانە و هاوڵاتیی عێراق هەندێک جۆری خۆرما دەکڕێت بە شێوەیەک هەرزانتر لە سەری بکەوێت.
 
رووداو: بەم بۆنەیەوە هیچ توێژینەوەیەکی داهێنەرانەتان پێ دەگات لە ئەکادیمیا و زانکۆکان پشتیان پێببەستن زیاتر لە پشتبەستن بە کاڵای هاوردەکراو؟
 
وەزیر: ئەمە پرسیارێکی گرنگە لەراستیدا دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری نووسینگەیەکی توێژینەوەی داهێنەرانەیان هەیە. من لە حکوومەتی پێشوو وەزیری پلاندانان بووم و ئەمە کاری ئێمە بوو وردەکاریم لە سەر ئەم بابەتە لە لایە. بە هەزاران و بگرە دەیان هەزار توێژینەوەی داهێنەرانە هەن، بەڵام کێشەکە لە سوودوەرگرتن لە توێژینەوەی داهێنەرانە هەیە لە بواری ئابووری و پیشەسازیدا بە تایبەتی با باسی پیشەسازی بکەین، پێرێ کە رۆژی دووشەم بوو چاودێریی کۆنگرەیەکمان کرد سەبارەت نانۆتێکنۆلۆجی و بە روونی باسی ئەمەمان کرد. توێژینەوەی داهێنەران و چارەسەر بۆ پیشەسازی. چۆن هاوئاهەنگی بکەین؟ بڕیارمان دا فەرمانبەرانی دەستەی پێشخستنی پیشەسازی کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازییە، لە یەکێتیی پیشەسازانی عێراق دەوام بکەن ئەوەی لە سەر یەکێتیی پیشەسازانە کێشەکانی پیشەسازان بهێنن بۆ ئەوەی بچنە بەردەستی توێژەران تاوەکو چارەسەریان بکەن، واتە دەمانەوێت بە شێوازی ئەندازەی پێچەوانە کار بکەین. من وەک توێژەرێک کە پشتینەم ئەکادیمییە و خاوەنی دوو توێژینەوەی داهێنەرانەم دانەیەکیش وا تۆمار دەکرێت، ئەمانە رەنگە لە هەندێ توێژینەوە سەرچاوە بگرن کە هیچ کێشەیەکیان نییە لە پیشەسازیدا رووبەروویان ببنەوە، بۆیە جێگەیان لە سەر رەفەکان دەگرن. بەڵام ئەگەر پیشەساز کێشەیەکی هێنایە بەردەستی توێژەر و پارەداری کرد، کێشەی توێژینەوەی زانستی و توێژینەوەی داهێنەرانە و تۆمارکردنیان نەبوونی پارەدارکردنە. بۆ ئەم چالاکییانە ئێمە لەگەڵ یەکێتیی پیشەسازان رێککەوتین کە پیشەساز خۆی ئەو توێژینەوە زانستییە پارەدار بکات لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە پیشەسازییەکەی خۆیدا. پێم وایە لە ماوەی داهاتوودا ئەگەر بتوانین توێژەران و پیشەسازان بەیەکەوە گرێ بدەین لە زانکۆکان و لە وەزارەتدا و دەستەی توێژینەوە و پێشخستنی پیشەسازی هاوئاهەنگیکار دەبێت دەبینین هەندێک لەو توێژینەوانە دەگەنە بازاڕ. نموونەیەک دەهێنمەوە، لە کارگەی گۆگردی مشراق ئێستا شەبێک دروست دەکرێت بە توێژینەوەی داهێنەرانەی عێراقی لە رێی تیمێکی توێژینەوەی هاوبەشی زانکۆی مووسڵ و گۆگردی مشراق جێبەجێ کراوە و ئێستا ئەو شەبە بە شێوازێکی دیاریکراو باشتر کراوە و بەرهەم دێت.
 
رووداو: رۆڵی کەرتی تایبەت چییە لەم بابەتەدا؟
 
وەزیر: رۆڵی سەرەکی بۆ کەرتی تایبەتە. حکوومەت یان کەرتی تایبەت جووڵەی گرانە، مەبەستم لە جووڵەی دارایی و ئەو بیرۆکراسییەی کە هەیە، تا بڕە پارەیەک بۆ پارەدارکردنی توێژینەوەیەک جەرج دەکەیت، بەندێک کاغەز و 20 رەزامەندی و دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینیی چاودێریی ناوەخۆیی هەیە، بەڵام ئەگەر من کەسێک بم لە کەرتی تایبەت رەنگە بە کاش پێی بدەم چونکە پارەی خۆمە و کەس مافی بە سەرەوە نییە و دەڵێم فەرموو کاکی توێژەر ئەوە 10 ملیۆن یان 20 ملیۆن و بڕۆ ئەو کەرەستانە بکڕە کە پێویستت پێیانە و وەرە کێشەکەم بۆ چارەسەر بکە. بۆیە بناغەی چالاکیی بزاوی توێژینەوە و بناغەی زۆرکردنی بەرائەتەکانی ئیختراع و جێبەجێکردنی بەرائەتەکانی ئیختراع و توێژینەوەکان دەبێت کەرتی تایبەت بێت. بەڵام هێشتا کەرتی تایبەت لای ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێکی پشتی بە حکوومەت بەستووە، هێشتا بە دوای پشتیوانیدا دەگەڕێت، هێشتا نایەوێت پارە خەرج بکات بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان. ئەمە بەشێکیانە، بەڵام لە کەرتی تایبەتیشدا ئەزموون و نموونە هەن و بزنسمانی پیشەسازمان هەن لەم رووەوە قۆناخێکیان بڕیوە و دەستیان داوەتە پارەدارکردنی توێژینەوە، بەڵام هەندێک کاتمان پێویستە، کەرتێکی تایبەت کە چالاکیی هەندێک وەزارەت پارەدار دەکات، نموونەمان هەیە لە وەزارەت، دوو کۆنگرەمان بەست و یەک دینارمان خەرج نەکرد بگرە قازانجیشمان کرد، کۆمپانیای کەرتی تایبەمان هێنا، ئەو کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لۆگۆکە دەبات و رێکلامەکەی دەدەینێ لەگەڵ سپۆنسەریی میدیایی کۆنگرەکە و سەدان هەزار دۆلار خەرج دەکەن. من پێم وایە ئەمە پێشکەوتنە لە بیری کەرتی تایبەت.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، رێژەی بەشداری کەرتی پیشەسازیی لە بەرهەمی خۆماڵیدا چەندە؟ 

 

خالید باتل: لە راستیدا ژمارەیەکی ورد و دیاریکراو نییە، بەهۆی ئەوەی..... ئەگەر بمانەوێت باس لە کەرتی گشتیی پیشەسازیی بکەین کە دەوڵەت خاوەندارێتی دەکات لەگەڵ کەرتی تایبەت، تاوەکو ئێستا ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نییە. بەشێک لە کۆمپانیاکان خۆیان لە باج دەدزنەوە، بۆیە بەرهەمەکانیان تۆمار ناکەن و راستییەکان لەبارەی بەرهەمەکانییەوە ئاشکرا ناکات. هەرچی کەرتی گشتیی حکومییە، ئێمە لە وەزارەتدا پارساڵ کۆی داهاتی بەرهەمەکانمان ترلیۆنێک و 400 ملیۆن دینار.
 
رووداو: ببوورە مەبەستت 400 ملیار دینارە؟
 
خالید باتل: ترلیۆنێک و 400 ملیار دینار وایە راستە، واتە نزیکەی ملیارێک دۆلاری ئەمریکی. ئەمە لە کاتێکدایە دەبوو ئاستی بەرهەمەکانمان لانیکەم 10 هێندەی دیکە بووایە. دەبوو پیشەسازیی پاڵپشتی بودجەی بکردایە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، لە بودجە پشکمان پێدەدرێت، چونکە ئێستاش کۆمپانیامان هەن، پاڵپشتیی دارایی لە حکومەت وەردەگرێت. 
 
رووداو: بەڵام بەگشتیی رێژەی بەشداربوون لە بەرهەمی ناوخۆ چەندە، ئەگەر بە رێژەش بێت چەندە؟ 
 
خالید باتل: ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراوت پێ بڵێم چونکە...
 
رووداو: من وەک رۆژنامەڤانێکی ئابووری، ژمارە لەلای من گرنگە.
 
خالید باتل: ناتوانم، چونکە پێدانی ژمارەیەکی راستەقینە سەختە، تەنانەت لە پرسی ژمارەکاندا لە ئابووریدا بەرهمی ناوخۆیی و داهاتیی نیشتمانیی هەیە ئێوەش ئەمە دەزانن، ئایا بەرهەمی ناوخۆیی پێتوایە GDP ئێمە دروست بێت؟ 
 
رووداو: ئەمە بۆ ژمارەکانی وۆڵ بانک و ئای ئێم ئێف دەگەڕێتەوە.
 
خالید باتل: ورد نییە، با پێت بڵێم بۆچی ورد نییە، ئایا سەرتاشخانەکان، گۆشتفرۆشەکان، فرۆشگا بچووکەکان و تاکسییەکان هەژمار دەکرێن؟ ئەمانە سەرجەمیان بەرهەمن، تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد نییە. هۆکارەکەشی روونە، بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە سەرژمێریی دانیشتووان نەکراوە. ئەگەر بێتوو سەرژمێری بکرێت، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێت بە وردی چەند نانەواخانە، سەرتاشخانەمان هەیە، بۆیە هەمیشە بەرهەمی ناوخۆیی زۆر لە ژمارە راستەقینەکە کەمتر، داهاتەکان ناگاتە 300 ملیۆن دۆلار، نزیکەی 220-225 ملیۆن دۆلار دەبێت. بەڵام ئەگەر بێتوو هەمووان هەژمار بکرێن، بەدڵنیاییەوە داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی زۆر زۆر لەمە زیاترە. 
 
رووداو: ژمارەی کۆمپانیا و کارگە بەفەرمیی تۆمارکراوەکان لە حکومەت چەندن؟ 
 
خالید باتل: حکومییەکان؟
 
رووداو: مەبەستم لە هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتییە.
 
خالید باتل: باس لە گەشەپێدانی پیشەسازیی دەکەم، بەهۆی ئەوەی تۆماری کارگەکان جیاوازن. یان ئەوەتا مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازی وەردەگرێت یان مۆڵەتی وەبەرهێنان. مۆڵەتی وەبەرهێنان لە دەستەی نیشتمانیی بۆ وەبەرهێنان وەردەگیرێت و مۆڵەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییش ئەوانەی بەردەستن زیاترە لە پێنج هەزار مۆڵەتن،  بەڵام ژمارەی ئەو کارگانەی کاردەکەن و ئەوانەی راگیراون، ئێستا یاسایەک لەژێر دەستدایە کە سەرقاڵی هەموارکردنەوەین. یاسای ئێستای وەبەرهێنانی پیشەسازیی ژمارە 20 بۆ ساڵی 1998 رێگە بە راگرتنی مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی نادات و میکانیزمی کارپێکردنیشی لێڵە، روون نییە. ئێمە دەمانەوێ میکانیزمەکە هەموار بکەینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتمان هەبێت بچینە ئەو کارگەیەی کە راگیراوە، دایبخەین و مۆڵەتەکەی لێوەربگرینەوە بۆ ئەوەی هەموو شتێک لامان روون ببێتەوە، کاتێک باس لە کەرتی گشتیی حکومی دەکەین 28 کۆمپانیا و 295 کارگەمان هەیە. 
 
رووداو: ئەمانە حکومین؟
 
خالید باتل: بەڵێ حکومین، 101 کارگە کارەکانیان راگرتووە و کۆنن، ئەوانی دیکەش کاردەکەن.
 
رووداو: لە کەرتی پیشەسازیدا دەگوترێت سەتان کۆمپانیا و کارگە هەبوون کە لە حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکاندا کارا بوون و چالاکییان هەبوو، کەچی ئێستا راگیراون و کارناکەن، هۆکارەکەی چییە؟ هەر لە کارگەی ئاسن بگرە تا دەگاتە شوشە و جام و ئەلەمنیۆم و سیرامیک و گرانیک.
 
خالید باتل: دەکرێ بەگشتیی باسیان بکەین بەبێ ئەوەی بچینە ناوەڕۆکەکەی، تەمەنم بەرەو 50 ساڵی دەچێت، ئایا توانای ئێستای جەستەیی ئێستام بەراورد بە توانای جەستەییم لە تەمەنی 20 ساڵاندا هەمان شتە؟ بەدڵنیاییەوە جیاوازە. لە تەمەنی 20 ساڵیدا رەنگە بە 17-20 چرکە 100 مەتر رابکەم. هەروەها رەنگە بەبێ ماندووبوونێکی ئەوتۆ پێنج کیلۆمەتر رابکەم،  ئەی ئێستا دەتوانم بەهەمان وزە و هێزەوە پێنج کیلۆمەتر رابکەم بەهەمان هێزی تەمەنی 20 ساڵیمەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. کارگەکان، پرۆژەی ئابووری و پیشەسازین، وەک مرۆڤ تەمەنێکی دیاریکراویان هەیە، کەمن ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 100 ساڵە وانییە؟ 
 
رووداو: راستە
 
خالید باتل:  ئەو کارگەیەی لە ساڵی 1967 و 1971 و 1977 دامەزراوە ئایا ئێستا کارایە یان نەماوە؟ دەبێ نەمابێ، بەهۆی پیشەگەری تەکنۆلۆژیاوە کە ئەمڕۆ بەکاردێت، تەواوی ئەرکی کارگەکانی لە هەموو جیهاندا گۆڕیووە. نەوەی شەستەکان و حەفتاکانی کارگەکان، پشتی بە هێزی کار دەبەست، ئێستا پشت بەئامێر، ئۆتۆمەیشن دەبەستێت. ئێستا هەموویان بە کۆمپیوتەر بەرنامەکراون و ژمارەیەکی زۆر کەم کرێکار تێیاندا کاردەکەن. کۆنترۆڵی جۆری باشترە و کوالیتی بەرهەمی کارگەیەک کە 2010 دامەزراوە زۆر جیاوازترە لە بەرهەمی کارگەیەک کە لە 1970 دامەزراوە. بەڕێزم، ئایا دەزانی نوێترین کارگەی راستەقینە لە عێراق کەی دامەزراوە؟ لە ساڵی 1985 بەردی بناخەی بۆ دانراوە کە کارگەی پەینەکانی شیمال بوو لە بێجی و ساڵی 1990 دەستبەکاربوو. لە نەوەتەکاندا لە کاتی ئابڵووقەکاندا چەند کارگەیەکی کارا هەبوون، بەڵام بە مانا راستەقینەکەی تەواو کارا نەبوون. ئەوکات دەستەی پیشەسازیی سەربازیی، کارگەی دروست دەکرد بۆ بەدەمەوەچوونی ئەو دۆخە نالەبارەی کە بەسەر وڵاتدا هاتبوو. بە ناچاری ناویان نابوو کارگە. ئیدی تەمەن رۆڵ دەگێڕێت، کاتێک تەمەنی 40 ساڵی تێدەپەڕێنیت دۆخەکە سەخت دەبێت. بەمنزیکانە هێڵی یەکەمی یۆریا لە کارگەی پەینەکانی باشوور لە بەسرە دەکەینەوە. 
 
رووداو: لە بەغدا یان...؟
 
خالید باتل: نەخێر لە بەسرە. 
 
رووداو: لە بەسرە
 
خالید باتل: ئەمە لە کاتێکدایە ئەم کارگانە لە 1979 و 1989 دامەزران. ئەم کارگەیەمان بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت دامەزراند، بەڵام تێچووی سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەی زۆر گران بوو، بەهۆی ئەوەی پارچە یەدەگەکانی دەست ناکەوێت و بەناچاری پشت بە ئەندازیارانمان دەبەستین بۆ ئەوەی دروستی بکەن و بیبەستن. 
 
رووداو: بەڵام دکتۆر، داهاتی زۆربەی کارگەکان بەشی ئەوە ناکات مووچەی کارمەند و کرێکارەکانیان بدەن.
 
خالید باتل: مەبەستت کارگە حکومییەکانە؟
 
رووداو: بەڵێ
 
خالید باتل: ئەوە نییە کە بەرهەمەکانیان کەمن، بەڵام ژمارەی کارمەند و کرێکارەکانی لە ئاستی پێویست زۆر زیاترن. 
 
رووداو: ژمارەی کرێکارەکان چەندن؟
 
خالید باتل: ئێمە لە وەزارەتدا نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، بەکردەیی پێویستمان بە چەند فەرمانبەرە؟ ئەمە پرسێکی دیکەیە. بۆ نموونە؛ سەردانی کارگەی چیمەنتۆی کوفە-م کرد. لۆژیکە کارگەی چیمەنتۆ قازانج نەکات؟ وەڵامەکە نەخێرە، چونکە فرۆشتن بەردەوامە، بەڵام کارگەکانی چیمەنتۆی حکومی قازانج ناکە، بەڵام  ئەگەر بێتوو ژمارەی کردەیی پێویست لە کارمەند و کرێکارمان هەبێت، ئەوکات قازانج دەکەین، بۆیە تەنیا کارگەی کوفە 2500 فەرمانبەری هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا پێویستی بە 250 فەرمانبەر هەیە، ئەوپەڕی پێویستی بە 500 فەرمانبەر هەبێت پێنج هێندەی پێویستی خۆی فەرمانبەری هەیە، داهاتی فرۆشییەکان بۆ کوێ دەچێت؟ دەبێتە مووچەی فەرمانبەران، بۆیە تۆ زەرەر دەکەیت و بە ناچاری دەبێ دەوڵەت هاوکاریت بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر تەنیا بەپێی پێویستی کردەیی کارمەندی هەبووایە ئەوسا 100٪ داهاتی دەبوو. 
 
رووداو: چەند کارگە بەم هۆکارەوە سڕکرا یان راگیران بەهۆی زەرەرەوە؟ 
 
وەزیر: ئێمە لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە بۆ ئەوەی چاو بە دۆخی کارگەکاندا بگێڕین. لیژنەکە بەسەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆکوەزیران و ئەندامێتی هەشت وەزیر پێکهاتووە، دەکرێ بڵێم ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووککراوەیە بۆ ئەوەی چاو بە دۆخی کۆمپانیا گشتییەکاندا بگێڕین، نەک تەنیا کارگەکانی وەزارەتی پیشەسازیی، بگرە کارگە و کۆمپانیاکانی دیکەی وەزارەتە جیاوازەکانی دیکەش بەپێی کارنامەی حکومت، دوو کۆمپانیامان هەیە کە تایبەتن بە پیشەسازیی خۆراک و پیشەسازیی چنین ئەم دوو کۆمپانیا گەورانە ئاوڕێکی راستەقینەیان لێ دەدرێتەوە. 
 
رووداو: زۆربەی پیشەسازان لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، حکومەتی ناوەند ئاسانکاری گەورە و فراوان لە رووی کارگێڕی و بانکی دەکرێت، بەرچاوترین ئاسانکارییەکان کامەن؟ 
 
خالید باتل: بەدیاریکراوی لەبارەی کەرتی پیشەسازیی دەدوێم. بەڵێ، ئاسانکاری بانکی لە بانکی پیشەسازیی بەدی دەکرێت کە بەشێکە لە بانکە تایبەتەکان. ئەوەی مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی وەربگرێت، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ماوەی 10 ساڵ دەیگرێتەوە، هەروەها هێڵەکانی بەرهەمهێنانیش لەسەرجەم رسومات و گومرگەکان لێخۆشبوونی بۆ دەردەچێت. هاوکات بۆ بەشێک لە کارگە پیشەسازییەکان پشکی سووتەمەنی بەنرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن وەزارەتی نەوت پێدەدرێت. نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی زۆر لە نرخی بازاڕەکان هەرزانترە و بەپێی قەبارەی بەرهەمهێنان، پشکی ئەم سووتەمەنییەی پێدەدرێت. 
 
رووداو: بۆ نموونە، چەند پشکی پێ دەدرێت و بەچەندە؟ 
 
خالید باتل: بۆ نموونە، بۆ کارگەکانی کەرپووچ و چیمەنتۆ، بۆ هەر لیترێک نەوتی رەش تەنیا 100 دیناریان لێ وەردەگیرێت. واتە یەک تۆن بە 100 هەزار دینارە، بەڵام ئەوەی سۆمۆ دەیفرۆشێت 10 هێندە گرانترە، مەبەستم لەسەر ئاستی جیهانیدا دەرەنجام، خاوەن کارگەکە زۆر سوودمەند دەبێت بە پێدانی نرخێکی زۆر کەم و بەهەرزان دەوەستێت. کارگەی قیر بەهەمان شێوە، وەزارەتی نەوت پشکی سووتەمەنییان پێ دەدات و نرخەکەشی 35٪ هەرزانترە لە نرخی جیهانی. 
 
رووداو: ئەی نرخی کارەبا و ئاو؟
 
خالید باتل: هەموو ئەمانە بە نرخی پاڵپشتیکراو پێیان دەدرێت. 
 
رووداو: نرخی کیلۆواتێک چەندە؟
 
خالید باتل:   لە راستیدا بە وردی نرخەکەی نازانم بۆ کەرتی پیشەسازیی چەند دەبێت، چونکە چەند جۆرێک کارەبا هەیە؛ کارەبای بازرگانی، پیشەسازیی، کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون و هەریەکەیان نرخی تایبەت بەخۆیانەوە هەیە. 
 
رووداو: لەبارەی قەرزی پیشەسازیی، ئەو رێکارانە چین بۆ پێدانی قەرزی پیشەسازی؟ 
 
خالید باتل:  ئەمە لە دەرەوەی ئەرکی وەزارەتدایە، ئەمە پەیوەندیی بە بانکی پیشەسازیی هەیە لە وەزارەتی دارایی. 
 
رووداو: هیچ پەیوەندیی بە وەزارەت نییە؟
 
خالید باتل: نەخێر، پەیوەندیی هەیە، ئێمە بە نوسراو پاڵپشتیی دەکەین و ئاراستەی بانکی پیشەسازیی دەکەین بەوەی ئەم کارگەیە مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی پێدراوە و لە قۆناخی دامەزراندندایە یان دامەزراوە و تێیدا زانیاری تێروتەسەل دەنوسین لەبارەی قەبارەی بەرهەمەکانی، تەمەنی، داهاتەکانی،  خشتەی کاریگەری لە پلانی ئابووری و تەکنیکی ئەگەر داوامان لێ بکرێت، توێژینەوەیان بۆ دەکەین و....
 
رووداو: چۆن مۆڵەتیان پێدەدەن؟ 
 
خالید باتل:  لە رێگەی دەستەی گەشەپێدانی پیشەسازیی وەزارەت یان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان کە ئەمەش رەهەندێکی دیکەیە. ئەگەر لە رێگەی گەشەپێدانی پیشەسازیی بێت کە مۆڵەتی سەرەتایی پێ دەدرێت و بە مۆڵەتی دامەزراندن ناودەبرێت، مۆڵەتی پێنج ساڵەی پێ دەدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم رێکارەکان تەواو بکات بۆ تەواوکردنی سەرجەم بوارەکان. گەشەپێدانی پیشەسازیی، سایتێکی تایبەتی خۆی هەیە، دەتوانن لە رێگەی ئەم سایتەوە، مۆڵەتە پێدراوەکان ببینن. هەروەها فۆڕمی ئەلیکترۆنی و پارەدانی ئەلیکترۆنیش هەیە دواتر مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی قۆناخی دامەزراندنی پێدەدات و بە نوسراو چەند لایەنێکی فەرمیی ئاگادار دەکاتەوە، بۆ ژینگە، بۆ وەرگرتنی زەوی، بۆ بەدەستهێنانی نەوت، بۆ کەرتی پیشەسازی یان کشتوکاڵی و دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان و دامەزراندنی، ئەوسا مۆڵەتێکی فەرمیی بە هەموو دەسەڵاتەکانەوە پێی دەدرێت. 
 
رووداو: با گفتوگۆیەک لەبارەی کەرتی کانزاکانەوە بکەین، ژمارەی یەدەگە بەردەستەکان چەندن کە لە بەرهەمهێنان بەکاردێن؟ بۆ نموونە؛ ئاسن، فۆسفات

 

خالید باتل: لە راستیدا بەر لەوەی بە تێروتەسەلی وەڵام بدەمەوە، لە وەزارەتدا دەستمانکردووە بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن و پلانێکی دیکەشمان داڕشتووە بۆ ئەو ماوەیەی لە وەزارەتدا دەمێنمەوە. 
 
رووداو: بۆ پێنج ساڵە یان...؟
 
خالید باتل: یەکەم شت، دەستمانکرد بە کانزا و فۆسفات، کۆنفرانسێکمان رێکخست و دواتر لەم کۆنفرانسەدا 90 دەرفەتی وەبەرهێنانی هاوبەشمان دەستکەوت، ئێستاش دەستمان بە کانزاییکردن کردووە، ئەم ساڵ ساڵی کانزاکان دەبێت. دوایین رووپێوی جیۆلۆجی کە لە عێراق کراوە، ساڵی 1980 بوو. 
 
رووداو: بەرواری لەدایکبوونی منە
 
خالید باتل: بەڵێ، رووپێوەکە لەلایەن چیکسلۆڤاکیا کرابوو، بەر لەوەی چیک و سلۆڤاکیا دابەش بکرێت، ئەوسا چیکسلۆڤاکیا بوو. من سەرۆکایەتی لیژنەی هاوبەشی عێراقی، چیکیم کرد، گفتوگۆم لەگەڵیان کرد و داوام لێکردن دووبارە پێکەوە کاربکەینەوە. هەروەها ئەزموونی زۆر باشمان لەگەڵیان هەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە لەبارەی کانزاکانەوە. لە سەرەتای مانگی داهاتوودا سەردانی کەنەدا دەکەم بەشداری لە گەورەترین کۆنفرانسی کانزاکان دەکەین و دەمانەوێ لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکان بین. ئێمە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی ئابڵووقە و رووداوەکانی دوای 2003 دابڕاوین. ئێستا دەمانەوێت ئەم کەرتە ببوژێنینەوە. لایەنی بەرپرسیار، دەستەی رووپێوی جیۆلۆجییە کە سەر بە وەزارەتە و دەمانەوێت رووپێوەکان سەرلەنوێ دەستپێبکرێتەوە. وەزارەتەکەمان پیشەسازیی و کانزاکانە، بەڵام لە رووی کانزاییەوە، عێراق خاوەنی چ جۆرە کانزایەکە؟ عێراق خاوەنی کانزای زۆرە و یەدەگی کانزایی زۆریشی هەیە، هەروەها چەندین کانزای دیکەشمان هەن کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە. دەمانەوێت لە قەبارەی یەدەگەکانمان دڵنیاببینەوە. هەروەها دەمانەوێ لەوەش دڵنیاببینەوە ئایا کانزای فیلیزیمان هەیە؟ نافیلیزیمان بەردەستە، بەڵام فیلیزیمان نییە. خۆڵی ئاسنمان هەیە کە خەوشدارن و بە کەڵکی بەرهەمهێنانی ئاسنی ئیسفەنجی دێت و بۆ بەرهەمی پیشەسازیی پەین بەکاردێت. عێراق لە فۆسفات یەکەمە و یەدەگی فۆسفاتمان 10 ملیار تۆنە. 
 
رووداو: لە فۆسفات
 
خالید باتل: لە فۆسفات، ببوورە دووەمین. 
 
رووداو: کام وڵات یەکەمە؟
 
خالید باتل: پێموایە مەغریب یەکەمە. هەروەها قەبارەی یەدەگی کیبریت، 600 ملیۆن تۆنە و ئێستاش دوو دەرفەتی وەبەرهێنانمان هەیە و بەمنزیکانە گرێبەستەکەی واژۆ دەکەین. دوو کێڵگەی دیکەشمان هەیە ئەوانیش بەمنزیکانە کاریان تێدا دەکرێت. سیلیکا، کائۆلین، ئەتیان، بنتۆنایت و چەندین کانزای دیکەشمان هەیە. گرنگترینی کانزاکانیش مس-ە، لەپاڵ ئەمەش ئەلەمنیۆم، لە هەنگاوەکانی داهاتووشماندا کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی کانزا ئاشکرانەکراو و نەدۆزراوەکان. 
 
رووداو: هیچ زانیارییەکتان لەبارەی سامانی کانزایی هەیە لە هەرێمی کوردستان؟ بۆ نموونە مەڕمەڕ و چەندین جۆر کانزای دیکەشمان هەیە.
 
خالید باتل: بەڵێ، زانیاریی سەرەتایی لەبارەی کانزاکان و رێژەی دۆزراوەکانیشمان هەیە و لە رووپێوی جیۆلۆجیشدا کانزا نەدۆزراوەکانیش هەن کە دەرنەهێندراون. ئەگەری ئاسنیشی هەیە و رێژەی بێگەردی 70٪یە و لە چەند ناوچەیەکی هەرێم بەدیکراون. بەڵام دووپاتی دەکەینەوە نامانەوێ پەلە بکەین، دەمانەوێت کۆمپانیای کەرتی تایبەتی بهێنین کە لەم بوارەدا پسپۆڕن. هەروەها پشت بە توانای دەستەکانی رووپێوی جیۆلۆجی بیانیش دەبەستین، ئەوانەی شارەزاییان لە ئێمە زیاترە. هەموو ئەمانە رێنماییەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانە کاتێک ئەم بابەتەم بۆ روونکردەوە و پشتیوانی کردم و داوای بودجەیەکەی تایبەتمان کرد لە پێناو دەستکردن بە رووپێوێکی گشتگیر هاوشێوەی رووپێوەیەکی ساڵی حەفتاکان. 
 
رووداو: بەڵام لە کتێبی مەورید دەڵێت، بە هێواشی پەلە بکە، پێموایە ئەمە گرنگە.
 
خالید باتل: بە هێواشی پەلەکردن، بنەمای کاری حکومەتدارییە، ئەمەش بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە. بیرۆکراسییەت لە عێراق هێندەی کتێبی مەورید چەقبەستووە بۆچی؟ ساڵێک و نیوە دەمەوێ شاندێک رەوانەی سعودیە بکەم، سعودیە ئەزموونێکی زۆر نایابی لە بابەتی کانزاکانەوە هەیە، یەدەگەکانیان لەماوەی ساڵێکدا لە 1.3 ترلیۆن دۆلارەوە بۆ 2.5 ترلیۆن دۆلار زیاد کرد. ئەمەیان لە کۆنفرانسی جیهانیی کانزاکاندا راگەیاند، کە لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رێکخرا. لە مانگی یەکەمی 2023 تا مانگی یەکەمی 2024 زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار زیادیان کرد. ئیدی ویستمان ئەم ئەزموونانە بۆ ئێرە بگوازینەوە هەر لە رووپێوی جیۆلۆجی کەنەدی و فەرەنسی و مالیزی و رووسی بۆ ئەوەی رووپێومان بۆ بکەن. ئەوان خاوەن تەکنۆلۆژیای زۆر پێشکەوتوون لەم بوارەدا کە لە راستیدا ئێمە نیمانە. 
 
رووداو: جەنابی وەزیر، تا چەند سوود لە مادەی جیوەی سوور (زێبەق) وەردەگرین؟ دەگوترێت، لایەنێکی دەرەکیی دوای 2003 بڕێکی زۆر لەو جیوە سوورەی دزیووە؟
 
خالید باتل: قسەی زۆر لەمبارەیەوە کرا، ئێمەش چاوەڕێی رووپێوە پێشکەوتووەکانین بۆ ئەوەی بزانین لە کوێ چەندمان هەیە. لە نەوەتەکانەوە لە سەردەمی ئابڵوقەی ئابووریدا گوێمان لە چیرۆکی وەها دەبوو هاوشێوەی فیلمەکان بوو، باس لە بازرگانیکردن بە جیوەی سوور کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کەسمان جیوەی سوورمان نەبینیووە. جیوەی سوور لە کوێ هەیە؟
 
رووداو: ئەی چی...؟

 

خالید باتل: هیچ وەڵامێکم بۆ ئەمە نییە. 
 
رووداو: ئۆکەی، جەنابی وەزیر با کەمێک باس لە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی فیدراڵی بکەین، پەیوەندیتان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان چۆنە؟ 

 

وەزیر: پەیوەندییەکی باشە
 
رووداو: باشە؟ 

 

خالید باتل: دووجار دیدارمان لەگەڵ برای بەڕێزم جەنابی وەزیر و شاندی یاوەری هەبووە. چەند خاڵێکمان دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکەین بەڵام بە هۆکاری جیاجیا، نەکرا. لەبارەی تۆماری مۆڵەتەکانی گەشەپێدانی پیشەسازی چەند هەنگاوێکمان نا. دەبوو لە هەرێم تۆماری بکات دواتر بگەڕێتەوە لای ئێمەش تۆماری بکات. هەروەها دەمانەوێت داتاکانمان یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەی پێوەرێکی یەکگرتوومان هەبێت، لەبارەی پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان هەندێک کێشەمان هەبوو ویستمان چارەیان بکەین. هەموو ئەمانە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ بۆ خاڵی تۆکمەکردنی دەروازە سنوورییەکان دەگەڕێتەوە. ئەگەر بێتوو دەروازە سنوورییەکان کۆنترۆڵ نەکرێت و تۆکمە نەکرێن، هەرگیز پیشەسازیی خۆماڵی پێش ناکەوێت. چۆن؟ هەندێک بڕیار دەدەین لەبارەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بەڵام لە بەشێکی دەروازە سنوورییەکاندا جێبەجێ ناکرێت. 
 
رووداو: تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستاندایە یان لە گۆڕەپانی ئێوە؟ 
 
خالید باتل: زۆربەیان لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستاندان، لیژنەیەکەی باڵا هەیە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیری پلاندانان بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، بەڵام چەند پەیوەندیی بە وەزارەتی پیشەسازیی هەبێت، هێندەش پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانە و بە راشکاوی دەیڵێم تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە. 
 
رووداو: کۆمپانیا و کارگەکان لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام دان بە تۆماری کۆمپانیاکان نادرێت لەلایەن حکومەتی عێراق؟ 

 

خالید باتل: ئیدی منیش باس لەوە دەکەم. جیاوازی لەنێوان تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هەیە کە لە فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکاندا دەکرێت، بەڵام وەرگرتنی مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازیی ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە. دووجار لەگەڵ برایان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە هەرێم کۆبووینەوە، دەبوو کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە هەولێر لە هەرێم ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی هەنگاوی نوێ بنێین. دەمەوێ لەگەڵ بەڕێزتان و بینەرە بەڕێزەکانتان راشکاو بم، ئەم بابەتانە هێندەی سیاسییە هێندەی تەکنیکی نین. بە واتایەکی دیکە، حکومەتێکی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم هەیە، دەبێ لایەنی پەیوەندیدار لە پێدانی مۆڵەتەکان لە حکومەتی هەرێم رێککەوتنی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی فیدراڵی هەبێت بۆ ئەوەی پیشەسازانمان هێندە ماندوو نەکەین دووجار مامەڵەی تۆمارکردنی بۆ بکەین،  پێویستە ئەوەی مۆڵەت لە بەغدا وەردەگرێت مۆڵەتەکەی رێپێدراو بێت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. 
 
رووداو: بەربەستەکە چییە؟ 
 
خالید باتل: بەربەستەکە سیاسییە، تەنانەت لە کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتیش هەمان بەربەست هەبوو. بەرێزتان دەزانن ماوەیەک وەزیری پلاندانان بووم، کارمکرد بۆ یەکخستنی رێکارەکانی کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتیی، بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام. بۆیە هەموویان پەیوەندییان بە کێشمەکێشمی سیاسییەوە هەیە، من ناڵێم جیاکاری بەڵکو دەڵێم کێشمەکێشی سیاسی. بۆچی؟ ئەزموونی فیدراڵی دوای پەسندکردنی دەستووری عێراقی کە هاتە ئاراوە، دەمەوێ کەمێک لە سیاسەت بدوێم، عێراق تاوەکو ئێستاش گەلێکە پێکهاتە فرەرەنگەکان لەخۆ دەگرێت. متمانە نییە هەموو پێکهاتەیەک کار بۆ زامنکردنی مافەکانی دەکات و دەیانەوێت پێگەیان بەهێز بکەن و هەموو ئەم بابەتانەش بە لایەنی پیشەسازیی و بازرگانی و گومرگەکان و باجەکان و کۆنترۆڵکردنەوەی سنوورەکان هەموویان بوونەتە بابەتی کێشمەکێشمی سیاسی،  دەستوور بە ئاشکرا دەسەڵاتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش داوەپێموایە کۆنترۆڵکردنی سنوور یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان. 
 
رووداو: ئەگەر باس لە کێشمەکێشی سیاسیی بکەین دەبێ ئاماژە بە ناکۆکییە سیاسییەکانیش بکەین ئەی وانییە؟ 
 
خالید باتل: لە راستیدا من لە دوو کابینەی حکومیدا کارمکردووە، کەشی زۆر گونجاو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن، بەڵام رێککەوتن ناکرێت.  من لە روانگەی ئابوورییەوە قسە دەکەم ئەمەش لە زەرەری هاووڵاتییان و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان و پیشەسازیی پارێزگاکانی دیکەی وڵاتدا دەبێت، پاراستنی  پیشەسازیی لە رێگەی کۆنترۆڵکردن و تۆکمەکردنی سنوورەکانەوە دەبێت، دەیان جار دەیڵێمەوە، ئەگەر سنوورەکان کۆنترۆڵ نەکرێنەوە و هاوردەکان کۆنترۆڵ نەکرێنەوە با زیاتر روون بێت قسەکەم، تەنیا باس لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ناکەم باس لە دەروازە سنوورییەکانی دیکەش دەکەم، هەموویان بەگشتیی ئەگەر دەروازەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، پیشەسازیی بەهیچ شێوەیەک پێش ناکەوێت. 
 
رووداو: بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەرهەمی خۆماڵی نیشتمانیی هەژمار دەکرێت؟ 
 
خالید باتل: بەڵێ بێگومان 100٪ بەرهەمی نیشتمانییە و رسوماتی دەبێت، بەڵام خۆی لە خۆیدا بەسەرجەم رێکارەکانییەوە، بەرهەمی خۆماڵی نیشتمانییە. هەروەها بە چاوی بەرهەمی خۆماڵی نیشتمانی سەیری بەرهەمە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوشێوەی هەموو کارگەیەک لە پارێزگاکانی دیکەی وڵات و رسوماتی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەیگرێتەوە بۆ نموونە؛ ئاسنی کۆنکرێتی زۆربەی کارگەکانی ئاسن لە هەرێمی کوردستانە لەوانە ڤان ستیل، ئەربیل ستیل، ماس و ناوەکانی دیکە ئێستا نایەتەوە یادم لە هەولێر و سلێمانین. زۆرترینیان لە سلێمانیە، داوایان پێشکێش کردین بۆ رسوماتی پاراستنی بەرهەمەکانیان، کارمان بۆ کردن و ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی خێرای پێکهێناوە بۆ دڵنیابوون لە قەبارەی بەرهەمەکانیان،  چونکە ئەم مادەیە پەیوەندی راستەوخۆی بە ئابووری پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پرۆژەکانی ژێرخانەکانەوە هەیە هەروەها پەیوەندی راستەوخۆشی بە هاووڵاتییان هەیە کە بەم ئاسنە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خۆی دروست دەکات بۆیە بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین. 
 
رووداو: جەنابی وەزیر، من رۆژنامەڤانێکی ئابووریم بەڵام دەمەوێ کەمێک باس لە سیاسەت بکەین
خالید باتل: بۆ نا
 
رووداو: راوبۆچوونتان چییە لەبارەی هەوڵی دامەزراندنی هەرێمی رۆژئاوا و هەرێمی ئەنبار؟
 
خالید باتل: دەبێ بۆ دەستوور بگەڕێینەوە، ئاخۆ دەستەواژەی هەرێم لە دەستوور هاتووە یان نا. وەک روونە لە دەستوور هاتووە، کەواتە ئەمە بژاردەیەکی دەستوورییە، بەڵام ئایا ئەنبار بە بەڵێ بۆ دەستوور دەنگیداوە یان بە نەخێر؟ بە نەخێر دەنگیداوە، من لە 2005دا بە نەخێر دەنگمدا. بە نەخێر دەنگدانیشم پەیوەندی بە بیروبۆچوونی کەسی خۆمەوە بوو. من ناتوانم بانگەشە بۆ ئەوە بکەم کە سەرکردایەتی ئەنبار و رۆژئاوا و سوننە دەکەم، بەڵام من لەبارەی بەهەرێم بوونی ناوچەکان جیاواز بیردەکەمەوە. هەڵوێستی ئەوکاتەی سوننەکانیش بۆ دۆخی ئەوکاتەی وڵات دەگەڕایەوە، وڵات سیستەمی فەرمانڕەوایی تێیدا گۆڕدرا و 2005 لەگەڵ ئەمڕۆ زۆر جیاوازە، 19 ساڵ بەسەریدا تێپەڕی. 
 
رووداو: رەنگە بۆچوونەکانت گۆڕابێت؟
 
خالید باتل: رێکوایە، گۆڕانکاری لە بۆچوونەکان هەیە، بۆ نموونە: ئەوانەی دەنگی بەهەرێم بوونیان بەرز دەکردەوە، ئەمڕۆ خۆیان دژی هەرێمەکەن. ئەوانەی پێچەوانە بیریان دەکردەوە، ئەمڕۆ داوای بە هەرێم بوونی ناوچەکەیان دەکەن. گۆڕینی هەڵوێست و بۆچوونەکان رۆڵ دەگێڕیت. هەرچەندە بابەتەکە پەیوەندیی بە ئەنبارەوە هەیە، بەڵام با پرسیار بکەین، ئەو میکانیزمە دەستوورییانە چین بۆ پێکهێنانی هەرێم؟ دەستوور دەڵێت ئەنجوومەنی پارێزگا یان 10٪ی دەنگدەران و چەند بڕگەیەکی دیکەش، باشە کێ لایەنی سیاسیی زۆرینەیە لە ئەنبار کێیە؟
 
رووداو: کێ؟ 
 
خالید باتل: من پرسیارت لێدەکەم، ئێستا تۆ رۆژنامەڤانێکی سیاسییت نەک ئابووری؟ 
 
خالید باتل: تەقەدووم، کە لەم هەڵبژاردنەدا 11 کورسی بەدەستهێنا و حکومەتی خۆجێیی پێکهێنا. هەموو سەرکردەکانی تەقەدووم بیرۆکەی فیدراڵی رەتکردەوە. تویتیان کرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیێندراویان بڵاوکردەوە و ئێستاش دووپاتیان کردەوە کە تەنانەت بیرۆکەیەکی وەها لە ئارادانییە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت. با من پێت بڵێم، بۆچی ناوە ناوە ئەم بیرۆکەیە دەخرێتەڕوو. لایەنێکی سیاسیی لە ئەنبار هەیە دەیەوێت پەیام بە لایەنی بەرامبەر یان هاوبەشەکانمان لە نیشتمان و پرۆسەی سیاسیی بگەیێنێت. بەدوای چەند خاڵێکدا دەگەڕێت و دەیەوێت کێشە بۆ تەقەدووم دروست بکات. جارێک بانگەشەی ئەوە دەکەن فەلەستینییەکان دەگوازنەوە باشووری ئەنبار و لەوێ جێگیریان دەکەن، من کوڕی ئەنبار و ئەندامێکی ئەم حکومەتەم، بەهیچ شێوەیەک شتی وا لە ئەنبار رووینەدا و قبووڵیشی ناکەین. جارێکی دیکەش بانگەشەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکەن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمانە هەمووی قسەن. قبووڵمان نەکردووە و نایکەین و رێگەش بەوە نادەین کەس موزایەدەمان لەسەر بکات. جا لەناوەوەی ئەنبار بێت یان لەدەرەوەی ئەنبار. ئێمە خۆمان بەرێژەیەکی زۆر بە نەخێر دەنگمان بەم دەستوورە داوە و هەموو بەڵگەکانیش هەن. پێنج شەش کەسیان کە لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاون و هیچ نوێنەرایەتییان نییە، دادەنیشن بانگەشە بۆ هەرێمی ئەنبار دەکەن. بۆچی هەڵبژاردن دەکرێت؟ بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەی ئەنبار ناسریە دیالە دەستنیشان بکرێن. ئێمە بانگەشەی نوێنەرایەتیی هەموو سوننەکان ناکەین، بەڵام زۆرینەین و ئەم جۆرە رەفتارانە قبووڵ ناکەین. ماوەیەک بەر لە ئێستا دامەزراندنی پارێزگای رۆژئاوایان وروژاند. ئەنبار دابەشکراوە بەسەر فەللوجە و دەوروبەری، رومادی و دەوروبەری، رۆژئاوای ئەنبار هیت، حەدیسە، عانە، راوە و قائیم. چەند کەسێکی بێکار، گرووپێکی واتساپیان دروستکردبوو، باسی شتی سەیر و سەمەرە دەکەن، بەڵام لە راستیدا ئەمانە لە کوێن؟ لە 2018ـەوە ئەم حیزبە یان ئەم لایەنە سیاسییە، بەردەوام کێشە دەنێتەوە. هەموو خەمی نانەوەی گیروگرفتە. لە 2003 ئەوان کۆنترۆڵی هەموو شتێکیان کردبوو، زۆرینە بوون، بەڵام خەڵک ئەوانی تاقیکردەوە و تا بەمشێوەیەی ئەمڕۆ بچووک کرانەوە. ئێستا پێنج شەش کەسن، بێکارن دەست بۆ نانەوەی کێشە و ئاریشە دەبەن و خۆیان بە شێخ و ریش سپی هۆزەکان ناساندووە و دەڵێن سیاسەتڤانن و سەری زمان و بنی زمانیان هەرێمە، بەڵام تەنانەت کورسییەکیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان نییە و تەنیا قسە دەکەن و هەموو هەوڵێکیان ناوزڕاندنی تەقەدوومە. هەموو چالاکییەکانیان بۆ ئەوەیە جەماوەری تەقەدووم کەم بکەنەوە. 
 
رووداو: هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق چییە؟
 
خالید باتل: دەتەوێ باس لە لایەنی سیاسی و هاوپەیمانی سیاسیمان بکەین یان بە گشتیی؟ ئەگەر باس لە تیمی سیاسی و هاوپەیمانی سیاسیمان بکەین، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خراپ نەبوون، ئێمە باس لە هەڵبژاردنەکان ناکەین باس لە ئەنجامەکەی دەکەین. 
 
رووداو: بەڵێ ئەنجامەکەی
 
خالید باتل: خراپ نییە، بەڵام بەپێی پێویست نەبووە
 
رووداو: بەڵام باشیش نەبووە؟ 
 
خالید باتل:  لە چاوەڕوانییەکانمان کەمتر بوو، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ سیستمی سانتلیگۆ دەگەڕێتەوە. جیاوازی لە نێوان ژمارەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکان هەیە، هەندێکجار لیستە مامناوەندەکان و لیستە گەورەکان ستەمیان لێدەکرێت بۆ نموونە، سەرۆکایەتی لیستێکم کرد بەناوی "قیمەم" و لەگەڵ تەقەدووم هاوپەیمانیمان کرد 65 هەزار دەنگم هێنا. 
 
رووداو: 65 هەزار دەنگ!
 
خالید باتل:  بەڵێ، دوو کورسیم بۆ دوو بەربژێری پیاو مسۆگەر کرد. لە ریزبەندی دوای من بە 41 هەزار دەنگ ئەوانیش دوو کورسی پیاویان بەدەستهێنا. لێرەدا 24 هەزار و 500 دەنگمان بەفیڕۆ چوو، کەواتە کورسییەکان بە روونی رەنگدانەوەی دەنگەکان نابێت ئەمەش یاسایە بەداخەوە. لەلایەکی دیکەوە نەبوونی قەوارەیەکی سیاسیی گرنگ کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنابێت مەبەستم لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، کە رەوتی سەدر تێیدا بەشدار نەبوو. پێموایە کێشەیەک بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش بەهۆی ئەوەی جەماوەرەکانیان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد. بەمەش کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بەهای راستەقینەی خۆی نەبووە. 
 
رووداو: نیازتان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆتان بەربژێر بکەنەوە؟
 
خالید باتل: زۆر زووە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدرێت
 
رووداو: ئێوە لیستتان هەبوو...؟
 
خالید باتل: هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، دوای ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان پەسند دەکرێت، چاوەڕێ دەکەین بزانین هەمان یاسا پەسند دەکرێت یان هەموار دەکرێتەوە؟ ئیدی دواتر ئەم بابەتە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانمان تاوتوێ دەکەین. ئەزموونەکان سەلماندوویان لە دوایین هەڵبژاردندا 65 هەزار دەنگمان هەبووە و لیستی تەقەدوومیش 450 هەزار دەنگی هەبووە و لیستی ئەنبار ناسنامەمانە زیاتر لە 70 هەزار دەنگی هەبووە، کەواتە پێمانوایە لەلایەن جەماوەرەوە پەسندکراوین لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییە. دوای پەسندکردنی یاساکە قسەمان دەبێت، بۆیە من نامەوێ وەک کەسانی دیکە بین، خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کرد و دۆڕاندی. رۆژی دواتر بەربژێربوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاند، کە هێشتا نازاندرێت کەی هەڵبژاردن دەکرێت. تەنانەت شایستەی ئەوە نییە کە لەم هەڤپەیڤینە بەهادارەدا ناوی بهێنین. 
 
رووداو: هەڵوێستتان چییە لەبارە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران؟
 
خالید باتل: ئەمە لایەنێکی یاسایی هەیە، بەڕێزتان دەزانن دانیشتنێک کرا و بە کراوەیی مایەوە، بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیانوابوو دانیشتنەکە نایاسایی بووە و لە دادگەی فیدراڵیدا سکاڵایان تۆمارکرد و پێموایە رۆژی 24ـی مانگ بڕیاری لەبارەیەوە دەدرێت. هەر بۆیە ئەنجوومەنی نوێنەران بەبێ یەکلاییکردنەوەی کەیسی دادگەکە، ناتوانن هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببەن. ئەگەر بێتوو دادگەی فیدراڵی بە دەستووری بوون و یاسایی بوونی دانیشتنەکە بڕیار بدات، ئەوسا ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنی دووەم ئەنجام دەدات. ئەگەر پێچەوانەش بڕیاری لەسەر بدات ناچار دەبێت دەرگای بەربژێربوون دووبارە بکرێتەوە. هەمان سیناریۆی رابردوو کاتێک بەڕێز هۆشیار زێباری خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەربژێر کرد، سکاڵایان تۆمارکرد و دادگە بەربژێربوونی رەتکردەوە، ئەمەش هەمان شتە. 
 
رووداو: ئەم جۆرە رەفتارانە کاریگەری ناخاتە سەر پرۆسەی سیاسیی؟ بەوپێیەی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە بەتاڵە؟
 
خالید باتل:  بێگوان کاریگەری دەبێت، کاریگەرییەکەشی تەنیا ئەوە نییە کە یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان بەتاڵ ماونەتەوە، بەڵکو پۆستێکی زۆر هەستیاری پێکهاتەیەک لەدەست دراوە. ئەمەش بەش بەش کراوە وەک نەریتێکی سیاسییە، بۆیە نەمانی یەکێک لەم سەرۆکایەتییانە کاریگەری دەبێت بەسەر ئەدای ئەنجوومەنی نوێنەران و نوێنەرایەتیی یەکێک لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق. بۆیە لە رووی دەروونیشەوە کاریگەری دەبێت، پێموایە دادگە بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی لە ماوەی داهاتوودا ئاشکرا دەکات. 
 
رووداو: بەڕێز وەزیری پیشەسازیی و کانزاکانی حکومەتی عێراق، کەسایەتییەکی رێکپۆش و قۆز و ئەکادەمی و تەکنۆکراتیت، زۆر سوپاست دەکەم
خالید باتل:  سوپاس بۆ ئێوەش.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.