راوێژکارێکی کازمی بە حەوت ساڵ بەندکردن سزادرا

05-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی تاوانەکانی کەرخی بەغدا بە تۆمەتی سووکایەتیکردنی بە دانیشتووانی عێراق، سزای حەوت ساڵ بەندکردنی بۆ راوێژێکارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دەرکرد.
 
دەستەی سێیەمی دادگەی  تاوانەکانی کەرخی بەغدا، لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار فالح خەزعەلی، سزای حەوت ساڵ بەندکردنی بۆ موهەنەد نەعیم، راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەرکرد.
 
سزاکە بەپێی مادەی 202ـی یاسای سزادانی عێراق بووە. موهەنەد نەعیم لە ساڵی 2022 بەناونیشانی "بەهەرێمکردنی عێراق" گوتارێکی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و هێرشیکردە سەر بە هەرێمکردنی پارێزگاکانی عێراق و سووکایەتیی بەبەشێک لە پارێزگاکان کرد.
 
مادەی 202ـی یاسای سزادانی عێراق سزای کەمتر لە 10 ساڵ بەندکردنی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە سووکایەتی بە "ئوممەی عەرەبی، یان بەشێک لە دانیشتووانی عێراق، یان ئاڵای نیشتمانی، یان دروشمی دەوڵەت" دەکەن.
 
موهەند نەعیم، لە گوتەرەکەیدا پارێزگاکانی بەسرا و میسان و زیقار و موسەنای بە پارێزگاکانی دزین و تاڵانی ناوبردبوو، نەجەف و کەربەلاشی بە هەرێمی خۆکوتین و ئەنباریشی بە هەرێمی شوانەکان ناوهێنابوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە